مانچێستەر یونایتد سەردانی بێرنابیۆ دەکات و یاریگەیەکی گەورە دروست دەکات

30-07-2024
ئەحمەد حاجی @AhmedHajy10
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
مانچێستەر یونایتد بڕیاری کۆتایی لەبارەی نوێکردنەوەی ئۆڵدترافۆرد دا و دروستکردنی یاریگەیەکی نوێ دەبێتە ئامانجی سەرەکی یانەکە لە ساڵانی داهاتوودا.
 
دەستەی کارگێڕیی مانچێستەر یونایتد دوای چەندین مانگ لە پلان دانان، گەیشتنەی بڕیاری کۆتای لەسەر نوێکردنەوەی یاریگەی شانۆی خەونەکان و دوا بڕیاریش ئەوەیە کە یاریگەیەکی 100 هەزار کورسی دروست بکەن باشترە لەوەی کە یاریگەکەی ئێستایان نوێ بکەنەوە.
 
لە دوای گفتوگۆی زۆر لە نێوان دەستەی کارگێریی مانچێستەر یونایتد و بەرپرسانی شارەکە، دەرکەوت کە بڕیارە راستەکە و درێژخایەنەکە ئەوەیە کە یاریگەیەکی نوێ دروست بکەن لە بڕی ئەوەی پارەیەکی زۆر لە نۆژەکردنەوەی ئۆڵدترافۆرد خەرج بکەن.
 
یانەی مانچێستەر دەیەوێت سوودی زیاتر لەم زەویەی ئێستای دەوروبەری یاریگەکە وەربگرێت و پرۆژەی بازرگانی و خوێندن لەم شوێنانە دروست بکەن.
 
کۆلێت رۆش، بەڕێوبەری ئۆپەریشن لە یانەی مانچێستەر یونایتد، دوای گەڕان و سەردانیکردنی بەشێک لە یاریگەکانی جیهان، کە لە نێویاندا سانتیاگۆ بێرنابیۆی یاریگەی ریال مەدریدیش هەیە، گوتی 'باشترین بژاردە بۆ ئێستای مانچێستەر یونایتد ئەوەیە کە یاریگەیەکی هاوشێوەی سۆفی ستادیۆم لە شاری لۆس ئەنجیلۆس لە ئەمریکا دروستبکات."
 
دەستەی کارگێریی یانەی مانچێستەر یونایتد کێشەی سەرەکییان لەم پلانە خەرجی و لایەنە داراییەکەی پڕۆژەکەیە، بۆیە دەستەکە بیر لەوە دەکەنەوە کە پڕۆژەکە بکەن بە هاوبەش لەگەل شارەوانی شاری مانچێستەر و لە رووی داراییەوە یارمەتی یانەکە بدەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە