رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، ئۆڵدترافۆردی شانۆی خەونەکان دەبێتە مەیدانی 191ـەمین دێربیی مانچێستەر کاتێك مان یونایتد میوانداری مانچێستەرسیتی "دراوسێ بێزارکەر"ەکەی دەکات لە پرێمەرلیگ.
هەردوو یانە لە دوایین یاریان لە چامپیۆنزلیگ سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، کاتێك یونایتد بە گۆڵێکی بێ وەڵام لە کۆپنهاگنیان بردەوە و سیتی پاڵەوانی ئەوروپاش 3-1 لە یۆنگ بۆیزیان بردەوە.
سەرەڕای ئەوەی ئاست خراپی مان یونایتد بەردەوامە، بەڵام یانەکە توانیویەتی دوایین سێ یاری خۆی بباتەوە کاتێك لە پرێمەرلیگ بە زەحمەت بە ئەنجامی 2-1 سەرکەوتنی دژی برێنتفۆرد و شێفیڵد تۆمارد کرد و لە چامپیۆنزلیگیشدا بە گۆڵێکی بێ وەڵام لە کۆپنهاگنی بردەوە و جارێکی دیکە هیوای سەرکەوتنی بۆ قۆناخی 16ی چامپیۆنزلیگ زیندوو کردەوە. یونایتد لە هیچ کام لە پاڵەوانێتییەکان ئاستێکی قایلکەری پێشکەش نەکردووە، بۆیە جێگەی سەرسوڕمان نییە کە یانەکە لە پلەی هەشتەمی ریزبەندی دێت لە پرێمەرلیگ و پێنج خاڵ لە ناوچەی سەرکەوتن بۆ چامپیۆنزلیگ دوورە.
سەبارەت بە مانچێستەر سیتی،یانەکە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر دەستی بەم وەرزە کرد و لە حەوت یاری سەرەتایدا لە پرێمەرلیگ توانی سەرجەم یارییەکانی بباتەوە. بەڵام دواتر سیتیزنس گورزێکی کوشندەی بەرکەوت کاتێك رۆدری ئەستێرەی یانەکە بەهۆی وەرگرتنی کاری سوور لە یاری یانەکەی دژی نۆتینگهام فۆڕێست بۆ سێ یاری راگیرا و مانسیتی لە سەرجەم ئەو سێ یارییەدا لە دژی نیوکاسڵ و ۆڵڤەرهامپتۆن و ئارسیناڵ تووشی شکست هات. دواتر بە گەڕانەوەی رۆدری، جارێکی دیکە بردنەوە رووی لە دیوە شینەکەی مانچێستەر کردەوە کاتێك توانیان لە دوایین یارییان لە پرێمەرلیگ 2-1 لە بڕایتۆن ببەنەوە. سیتیزنس خاوەنی 21 خاڵە و لە پلەی سێیەمی ریزبەندی دێت و پێنج خاڵ لە دوای تۆتنهامی پێشەنگەوە دێت بەڵام سیتی یارییەك کەمتری ئەنجام داوە.
سەبارەت بە پێکهاتەی هەردوو یانە، مان یونایتد وەك هەمیشە بەدەست پێکانەوە دەناڵێنێت و هەر یەکە لە لیساندرۆ مارتینێز، ئاماد دیالۆ، مالاسیا، لوک شۆ و جەیدن سانچۆ بەشداری یارییەکە ناکەن، ئەمە لە کاتێکدایە کە هەریەکە لە کاسیمیرۆ و وانبیساکا گومانیان لەسەرە کە بتوانن بەشداری یارییەکە بکەن.
بەپێچەوانەوە، مانسیتی تەنها لە تواناکانی مانوێل ئاکانجی بەهۆی راگیران و کێڤن دی بڕۆین بەهۆی پێکانەوە بێ بەش دەبێت و سەرجەم یاریزانەکانی دیکەی ئامادەن بۆ یارییەکە.
ئەم یارییە بۆ هەردوولا گرنگییەکی زۆری هەیە. سیتی دەیەوێت بە بردنەوەی یارییەکە خاڵەکانی لەگەڵ ئارسیناڵ یەکسان بکاتەوە و جیاوازی لەگەڵ تۆتنهام بۆ دوو خاڵ کەم بکاتەوە. هەرچی مان یونایتدە، یانەکە دەیەوێت لە بردنەوەکانی بەردەوام بێت و بە بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکە لە ناوچەی سەرکەوتن بۆ چامپیۆنزلیگ نزیك ببێتەوە.
پێکهاتەی پێشبینی کراوی هەردوو یانە بۆ یارییەکە:
مانچێستەر یونایتد:
گۆڵپارێز؛ ئۆنانا
بەرگری؛ داڵۆت، ڤاڕان، ماگوایەر ، ریگیلۆن
ناوەڕاست؛ ئامڕابت، ئێریکسن، بڕۆنۆ فێرناندێز
هێرشبەر؛ ئانتۆنی ، هۆیلاند، راشفۆرد
مانچێستەر سیتی:
گۆڵپارێز؛ ئێدێرسۆن
بەرگری؛ واکەر، ستۆنز، دیاز، گڤاردیۆڵ
ناوەڕاست؛ رۆدری ، بێرناردۆ سیلڤا، فۆدین
هێرشبەر؛ دۆکو، هالاند، ئالڤارێز
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ