ڤیدیۆ؛ ریال سۆسیداد بەتەنیا پێشەنگە و ئاتلێتیکۆش جارێکی دیکە یەکسانبوو

29-10-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
ریال سۆسیداد
ریال سۆسیداد
نیشانەکردن ریال سۆسیداد لالیگا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال سۆسیداد لەسەر ئەنجامە باشەکانی لە لالیگادا بەردەوامە و پارێزگاریی لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە کرد، دوای ئەوەی سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی سێلتا ڤیگۆ بەدەستهێنا.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 11ـی خولەکەدا، ریال سۆسیداد لە کەشوهەوایەکی باراناویدا بووە میوانی سێلتا ڤیگۆ و یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لێبردەوە.
 
لە نیوەی یەکەمدا سەرەرای هەوڵەکانی یاریزانانی هەردوو یانە، بەڵام یارییەکە هیچ گۆڵێکی بەخۆیەوە نەبینی، لەگەڵ دەستپێکردنی نیوەی دووەم ریال سۆسیداد ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد و لە خولەکی 54 ئەلیکساندەر ئیسحاق گۆڵی پێشکەوتنی بۆ ریال سۆسیداد تۆمارکرد.
 
سێلتا ڤیگۆ هەوڵیدەدا ئەنجامەکە راستبکاتەوە، بەڵام لە خولەکی 79 ئارتیز ئیلوستوندۆ گۆڵی دووەمی تۆمارکرد و ریال سۆسیداد یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە.
 
بەم بردنەوەیە ریال سۆسیداد لە پێشەنگی ریزبەندی لالیگا بووە خاوەنی 24 خاڵ و سێلتا ڤیگۆش بە 10 خاڵ لە پلەی چواردەیەمی ریزبەندی خولەکەیە.
 
لە یارییەکی دیکەدا بۆ دووەم یاریی لەسەریەک ئاتلێتیکۆ مەدرید نەیتوانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و لەگەڵ یانەی لیڤانتێ یەکسانبوو.
 
یارییەکە لەسەر یاریگەی سیوتات دی ڤالێنسیا بەڕێوەچوو، هەردوو یانە بە دوو گۆڵ بۆ هەر لایەک یەکسانبوون.
 
سەرەتا لە خولەکی 12 ئانتوان گریزمان گۆڵێکی بۆ یانەی میوان تۆمارکرد، لە خولەکی 35 لێدانێکی سزا بۆ لیڤانتێ هەژمارکرا، ئەنیس باردهی لە جێبەجێکردنیدا سەرکەوتوو بوو و ئەنجامەکەی بۆ خاوەن یاریگە راستکردەوە.
 
لە خولەکی 76 ماتیوس کونها جارێکی دیکە ئاتلێتیکۆ مەدریدی پێشخست و ئەنجامەکەی بۆ یانەی میوان گۆڕی،  لە خولەکی 90 ئەنیس باردهی بەهەمان سیناریۆی گۆڵی یەکەم و بەلێدانی سزا ئەنجامەکەی راستکردەوە و رێگەی نەدا تیپەکەی لەنێو یاریگەی خۆیدا بدۆڕێت، بەمەش یارییەکە بەیەکسانبوون بە دوو گۆڵ بۆ هەر لایەک کۆتاییهات.
 
دوای ئەم یارییە ئاتلێتیکۆ مەدرید لە پلەی شەشەم خاوەنی 19 خاڵە و لیڤانتێ بە 6 خاڵ لە پلەی نۆزدەیەم و پێشکۆتایی ریزبەندە.
 
دیمەنی یاریی لیڤانتێ و ئاتلێتیکۆ مەدرید

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە