باشترین یاریزانی جیهان تووشی پێکان بوو

29-03-2021
ئیحسان تاهیر
A+ A-

رووداو دیجیتال 

رۆبێرت لیڤاندۆڤێسکی، ئەستێرەی هەڵبژاردەی پۆلەندا ترسی خستە دڵی هاندەرانی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، دوای ئەوەی تووشی پێکان بوو. تەنانەت سەرۆکی پێشووی یانەی باڤاری گوتی "خەریکبوو دڵم دەردەهات".

رۆبێرت لیڤاندۆڤێسکی، لە گەڕی دووەمی پاڵاوتنەکانی ئەوروپا بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر، سەرکردایەتی هەڵبژاردەی پۆلەندای کرد بۆ بردنەوە لە ئەندۆرا بە ئەنجامی 3 - 0، کە لەو یارییەدا دوو گۆڵی کرد، بەر لەوەی لە خولەکی 63 تووشی پێکان ببێت و بە ناچاری یاریگە جێبهێڵێت.
 
پێکرانی ئەم جەنگاوەرە تەمەن 32 ساڵە، لە کاتێکدایە کە دوای چەند رۆژێکی کەم یانەی بایرن میونشن لە گەڕی 8ـی چامپیۆنزلیگدا رووبەڕووی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی دەبێتەوە، بۆیە باڤارییەکان زۆر نیگەرانن و ترسیان لەوە هەیە ئەستێرە پۆلەندییەکەیان نەتوانێت بەشداری لەو یارییەدا بکات.

بەپێی زانیارییەکانی میدیای ئەڵمانیا، پێکانەکەی لیڤاندۆڤێسکی گومانی دروستکردووە، چونکە دوای نزیکەی کاژێرێک لە دەستپێکردنی یارییەکە ئەو دەستی لەسەر ئەژنۆی دانابوو.
 
ئەو سەرچاوانە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە پشکنینێکی ورد توانای باشترین یاریزانی جیهان دیاری دەکات بۆ ئەوەی بزانین رۆژی چوارشەممەی داهاتوو لە گەڕی سێیەمی پاڵاوتنەکانی ئەوروپا بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر، بەرامبەر ئینگلتەرا یاری دەکات یان نا.
 
ئۆلی هۆینسی سەرۆکی پێشووی بایرن میونشن، لێدوانێکی لەسەر چوونە دەرەوەی لیڤاندۆڤێسکی لە یارییەکە دا و گوتی "خەریکبوو دڵم دەوەستا، هیوادارم لەوە خراپتر روونەدات".
 
ئەگەر پێکانەکەی ئەستێرەی پۆڵەندی لە لایەن بایرن میونشنەوە دووپاتبکرێتەوە، ئەوە لێدانێکی تووند دەبێت بۆ تیپەکەی باڤاری، چونکە بایرن رۆژی شەممەی داهاتوو لە گەڕی 27ـی بوندێسلیگادا بەرامبەر لایپزیگ یاری هەرە گرنگی ئەمساڵی لە خولەکەدا دەکات، بەو پێیەی لایپزیگ رکابەری سەرەکی بایرنە لەسەر نازناوی بوندێسلیگا.

ئەمە بێجگە لەوەی ئەگەری ئەوەش دێتە ئاراوە کە بایرن میونشن لە قۆناخی 8ـی چامپیۆنزلیگدا بەبێ رۆبێرت لیڤاندۆڤێسکی رووبەڕووی پاریس سانجێرمان ببێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە