رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی بەنێوبانگی ئەرجەنتینی و یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی یانەی بارسێلۆنا دەکات.
رۆژی هەینی 29-11-2024 یادی 125 ساڵەی دامەزراندنی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانییە و بەو بۆنەیەوە رێوڕەسمێکی تایبەت لە بارسێلۆنا بەڕێوەدەچێت و چەندین ئەستێرەی پێشوو و ئێستای یانەکە بەشداری لە رێوڕەسمەکەدا دەکەن.
بەو بۆنەیەوە لیۆنێل مێسی، پەیامێک ئاراستەی یانەی بارسێلۆنا و هاندەرانی دەکات و دەڵێت "پیرۆزبایی لە یانەکە دەکەم بەبۆنەی تێپەڕبوونی 125 ساڵ، شانازییەکی گەورەیە بەشێکبووم لەم یانەیە و من هاندەری بارسێلۆنام."
لیۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا نووسیوویەتی "کاتێک ئاستی تیپەکە بەو شێوەیەیە کە ئێستا پێی دەردەکەوێت و ئێمە ئارەزووی دەکەین، سەرچاوەی شانازییەکی گەورەیە، بیری یانەکە، شارەکە و خەڵکەکە دەکەم و هەموو خۆشەویستییەکم بۆ ئەوان و هەمە دۆخێکی هەمیشەییە، هیوادارم بەردەوامبێت لە سەرکەوتن، بۆ ئەوەی ئەم یانەیە سەرکەوتووتر و گەورەتر بێت."
سەرەتا دەنگۆی ئەوە بڵاوبوووەوە لیۆنێل مێسی بەشداری لە رێوڕەسمی یادی 125 ساڵەی دامەزراندنی یانەکەدا بکات، بەڵام راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئەرجەنتین دەڵێن، لیۆ پێشتر لەو بەروارەدا چەند بۆنەیەکی دیکەی رێکخستووە، بۆیە بەشداری لە یادەکەدا ناکات و ناگەڕێتەوە بارسێلۆنا.
چەند سەرچاوەیەکیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، هۆکاری بەشداری نەکردنی مێسی، خراپی ئەو پەیوەندییەیەتی کە لە دوای رۆیشتنی لە یانەکە، لەگەڵ خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەکە هەیبووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ