ئەستێرەیەکی پێشووی مانچێستەر سیتی دەبێتە سەرۆکی وڵاتێکی ئەوروپی

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن میخائیل کافیلاشڤیلی جۆرجیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پارتی خەون، کە پارتێکی سیاسیی جۆرجیایە، رایگەیاند میخائیل کافیلاشڤیلی، یاریزانی پێشووی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، بەبەربژێری خۆی بۆ سەرۆکایەتی وڵات دەستنیشانکرد.
 
پارتی خەون، پارتی دەسەڵاتداری جۆرجیایە، لە دوایین هەڵبژاردنی وڵاتەکەدا کە مانگی رابردوو ئەنجامدرا، زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا، ئەگەرچی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی وڵاتەکە ناڕەزایەتییان لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە دەربڕی.
 
ئاژانسی دەنگوباسی ئەڵمانیا ئاشکرایکردووە، یاریزانەکەی پێشووی مانچێستەر سیتی کە تەمەنی 53 ساڵە، بەئەگەری زۆرەوە دەبێتە سەرۆکی داهاتووی جۆرجیا.
 
کافیلاشڤیلی پێشبینیکراوە زۆرینەی دەنگەکانی کۆمەڵگەی هەڵبژاردنی وڵاتەکە بەدەست بهێنێت کە زۆرینەیان سەر بە پارتی خەونن.
 
کافیلاشڤیلی لە نێوان 1995 تاوەکو 1997 یاریزانی مانچێستەر سیتی بووە. یەکەم گۆڵی لەگەڵ یانەکەیدا لە مانگی چواری ساڵی 1996 لە دێربی مانچێستەر بوو بەرامبەر مانچێستەر یونایتد. یارییەکە لە بەرژەوەندیی یونایتد 3 - 2 کۆتایی هات.
 
کافیلاشڤیلی، نوێترین یاریزانی پێشووی تۆپی پێیە کە هەوڵدەدات لە جۆرجیا پۆستی سیاسی بەدەست بهێنێت، پاشئەوەی کاخا کالادزەی ئەستێرەی پێشووی میلان و براوەی چامپیۆنزلیگی ساڵانی 2003 و 2007 بووە پارێزگاری تیبلیسیی پایتەخت و لیڤان کوپیاشڤێلی بەرگریکەری پێشووی شالکێ و هێرتا بەرلین، ئەندامێتی پەرلەمانی وڵاتەکەی بەدەستهێنا.
 
کافیلاشڤیلی لەگەڵ مانچێستەر سیتیدا ئاستێکی باشی پێشاندا، بەڵام یانەکە نەیتوانی لە پرێمەرلیگ بمێنێتەوە و بۆ خولی پلە یەکی ئینگلتەرا دابەزی.
 
پۆستی سەرۆکی جۆرجیا، بە پۆستێکی سیمبولیی دادەنرێت. پارتەکەی کافیلاشڤیلی، کە ناوی 'خەونی جۆرجیا'یە دەسەڵاتی زۆرینەی پەرلەمان و حکومەتی بەدەستەوەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە