ریال مەدرید واژۆکردنی گرێبەستی ئێمباپێ رەتدەکاتەوە

28-04-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید، رەتیدەکەنەوە یانەکەیان گرێبەستەکەی لەگەڵ کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسیی یانەی پاریس سانجێرمان واژۆ کردبێت.
 
ماوەی گرێبەستەکەی کیلیان ئێمباپێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی داهاتوودا کۆتایی دێت، یاریزانەکەش یانەکەی ئاگادارکردووەتەوە کە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا بە بێبەرامبەر دەچێتە یانەیەکی دیکە.
 
زۆر لە هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە یانەی ریال مەدرید لە مانگی شوباتی رابردووەوە گرێبەستەکەی کۆتایی پێهێناوە و یاریزانەکەش هەموو شتێکی واژۆکردووە.
 
بەگوێرەی تۆڕی ریلێڤۆی ئیسپانی، بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید بەردەوامن لە بەرگریکردن لەو بیرۆکەیەی کە کیلیان ئێمباپێ تاوەکو ئێستا گرێبەستی لەگەڵ یانەی شاهانە واژۆ نەکردووە، هەرچەندە هەمووان درک بەوە دەکەن کە گرێبەستەکە پێشتر یەکلایی بووەتەوە.
 
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کردووە کە لویس ئێنریکیی راهێنەری پاریس سانجێرمان لە هەموو کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا بەڵگەی ئەوەی بەدەستەوە داوە کە داهاتووی ئێمباپێ لە دەرەوەی پارک دوفرانسە.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، ریال مەدرید و کیلیان ئێمباپێ هەنگاوێکیان ماوە بۆ ئەوەی لە "ژووانێکی مێژووییدا" لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا رووبەڕووی یەکدی ببیننەوە.
 
ئەو سەرچاوەیە دووپاتیکردەوە کە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی ریال مەدرید و پاریس سانجێرمان لە وێمبڵی بۆ ئەنجامدانی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ هیچ شتێک لە گواستنەوەی سەدا سەدی ئێمباپێ بۆ سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە وەرزی داهاتوودا ناگۆڕێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە