یەکەم لێدوانی رۆدیگێر لەبارەی قسەکانی ئەو رۆژنامەڤانەی بە "داعش" تۆمەتباری کردبوو

28-03-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر، بەرگریکاری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و یانەی ریال مەدرید بێدەنگیی شکاند و لەسەر ئەو قسانە هاتە دەنگ کە رۆژنامەڤانێکی ئەڵمانی یاریزانەکەی بە داعش بەستبووەوە.
 
چەند رۆژێک لەمەوبەر دوای ئەوەی رۆدیگێر، وێنەیەکی خۆی لە کاتی نوێژکردندا بڵاوکردەوە و پەنجەیەکی بەرزکردەوە، رۆژنامەڤانێک بە ناوی جولیان رایشێلت، لەسەر ئەکاونتی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس گوتی "سڵاوی رۆدیگێر سڵاوێکی ئیسلامییە و دەستوور ئەم ئاماژەیە بە "پەنجەی داعش" نێودەبات".
 
ئەم هەڵسوکەوتەی درێشڵت شەپۆلێکی تووڕەیی لای ئەو یاریزانە و یەکێتیی تۆپی پێی ئەڵمانیدا دروستکرد و دەستبەجێ دەستیانکرد بە گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ئەو رۆژنامەڤانە.
 
ئەنتۆنیۆ رۆدریگێر لەبارەی ئەو قسانەی رۆژنامەڤانەکەوە دەڵێت "رێگەنادەم سووکایەتیم پێبکرێت و وەکو موسڵمانێک ناشرین بکرێم، دەرفەتم بە لایەنی سێیەم داوە بە مەبەست و بە هەڵە لێکدانەوە بۆ پۆستەکانم بکەن."
 
رۆدیگێر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا کە لەلایەن رۆژنامەی بیڵدەوە بڵاوکراونەتەوە دەڵێت "ئەو ئاماژەیەی بەکارمهێنا، ئاماژەیە بۆ یەکگرتوویی، لە ئیسلامدا ئەوە هێمای تەنیایی و بێهاوتایی خوایە، ئەم ئاماژەیە لەنێو موسڵمانانی هەموو جیهاندا زۆر بەربڵاوە و تەنیا لە رۆژانی رابردوودا وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی وایداناوە کە بەو شێوەیە نییە."
 
قسەکانی رۆژنامەڤانە ئەڵمانییەکە لەبارەی رۆدیگێرەوە کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا رایگەیاندووە، سکاڵا لە دژی ئەو رۆژنامەڤانە تۆمارکراوە، لەکاتێکدا قسەکانی سووکایەتیکردن و هاندانە بۆ نانەوەی فیتنە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە