تووڕەییەکە سنوورەکانی تێپەڕاند.. کرووس هەموو شتێک ئاشکرا دەکات

28-02-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
تۆنی کرووس، ناوەڕاستکاری یانەی ریال مەدرید رەخنەی تووند لە ناوبژیوانی یارییەکەیان بەرامبەر سێڤییا دەگرێت و لەبارەی کارتە زەردەکەیەوە دێتە دەنگ. 
 
لە گەڕی 26ـی لالیگا، ریال مەدرید میوانداری سێڤییای کرد و بە گۆڵێکی بێبەرامبەر یارییەکەی بردەوە، لە خولەکی 36ـی یارییەکەدا لە رووداوێکی مشتومڕ هەڵگردا ناوبژیوان فاوڵێکی لە دژی کرووس هەژمارکرد و کارتی زەردی بە رووی یاریزانەکەدا بەرزکردەوە، ئەمەش تووڕەبوونێکی زۆری ناوەڕاستکارەکەی ریال مەدریدی لێکەوتەوە بەشێوەیەک کە بەدەگمەن بینراوە ئەو یاریزانە هەڵسوکەوتێکی لەو شێوەیە بنوێنێت. 
 
رووداوەکە باس و خواسێکی زۆری نایەوە، بەتایبەتی کە کرووس بە یەکێک لەو یاریزانانە ناسراوە کە خۆیان لە توند و تیژی دەپارێزن و لە کارتە رەنگاورەنگەکان دوورن. لە بارەی کارتە زەردەکەی، کرووس دێتە دەنگ و دەڵێت "من کەسێک نیم کە  زۆر حەزبکەم لە کاتی یاریدا مامەڵە لەگەڵ ناوبژیواناندا بکەم، بەڵام ئەمجارەیان جیاوازبوو."
 
ئەستێرە ئەڵمانییەکە زیاتر دەڵێت "پێموایە لە گێمی یەکەمی یارییەکەدا ناوبژیوان زۆر فیکەی لە دژی ئێمە لێدەدا، تەنانەت ئەگەر کارێکی هەڵەشمان ئەنجامنەدابووایە. ئەوەی زۆر تووڕەی کردم ئەوەبوو کە من سێ پێ لە یاریزانی بەرامبەرمەوە دووربووم و هەوڵم دەدا لێی دووربکەومەوە، من بینیم کە ئەو دەهاتە نێو هێڵی سزا و بە ئەنقەست دەیویست خۆی لێمبدات، بۆیە منیش دوورکەوتمەوە بۆ ئەوەی بەرکەوتنێکی زۆر لە نێوانماندا نەبێت، بەڵام ناوبژیوان گرنگی بەوە نەدا."
 
لە خولەکی 61ـی یارییەکەدا، ناوبژیوانی یەکەم تووشی پێکان دەبێت و بەوهۆیەوە ناوبژیوانی چوارەم ئەرکی بەڕێوەبردنی یارییەکە وەردەگرێت، لەوباریەوە کرووس دەڵێت "هەموو بڕیارەکانی ناوبژیوانی یەکەم هەڵەبوون، لە راستیدا ناوبژیوانی چوارەم زۆر باشتر بوو و کارێکی باشی ئەنجامدا. لە شوێنێکدا بینیم نووسرابو 'ئەگەر تۆنی کرووس و کارلۆ ئانچێلۆتی بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕینەوە کارتی زەرد وەربگرن، دەبێت شتێکی هەڵە روویدابێت.'"
 
لە کۆتایی قسەکانیدا، ناوەڕاستکارە ئەڵمانییەکە دەڵێت "خودا هەموو شتێک دەبینێت و لەوانەیە ئەو تووشی پێکانی کردبێت."
 
کرووس لە کاروانی یاریکردیندا، 739 یاری ئەنجامداوە، 73 گۆڵ و 163 ئاسیستی کردووە و تەنیا 95 کارتی زەردی بەڕوودا بەرزکراوەتەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە