ئەستێرەیەکی بارسێلۆنا دزی لێدەکرێت

28-01-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رووداوەکانی دوای دۆڕانەکەی بارسێلۆنا بەرامبەر ڤیاریال بەردەوامن و ئەستێرەیەکی یانە کەتەلۆنییەکە دزی لێدەکرێت. 
 
لە گەڕی 22ـی لالیگا، یانەی بارسێلۆنا میوانداری ڤیاریالی کرد و یارییەکەی بە ئەنجامی 5-3 پێدۆڕاند، بەو شێوەیە 10 خاڵ کەوتە دوای ریال مەدریدی رکابەری کە پێشەنگی خولەکەی گرتووە. هەر دوای یارییەکە، چاڤی هێرناندێزی راهێنەری یانەکە رایگەیاند کە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا دەست لە کار دەکێشێتەوە.
 
بەپێی میدیاکانی ئیسپانیا، لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکە کۆمەڵێک دز هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی جوڵس کوندێی بەرگریکاری یانە کەتەلۆنییەکە و دزییان لێکردەوە.
 
رووداوەکە کاتێک روویداوە کە کوندێ بەرامبەر ڤیاریال یاریی دەکرد و هیچ کەسێک لە ماڵەوە نەبووە، لێکۆڵینەوەکان دەستیانپێکردوە و پۆلیس بە دوای تاوانباران دەگەڕێن. 
 
ئەمە جاری یەکەم نییە کوندێ دزی لێدەکرێت، ئەستێرە فەرەنسییەکە ساڵی رابردوو کاتێک بەرامبەر ریال بێتیس یاریی دەکرد، هەمان رووداوی بەسەردا هات و دزی لێکرا. لە رابردووشدا هەریەکە لە ئۆبامیانگ، کاسیمێرۆ، لوکاس ڤازکێز، و ئیسکۆ تووشی هەمان رووداو بوونەتەوە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا کاتێک لە ئیسپانیا بوونە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە