رووداو دیجیتاڵ
دەستەی بەڕێوەبردنی خولی تۆپی پێی ئیسپانیا، راگەیێنراوێکی فەرمی لەبارەی ئەو رووداوانە بڵاوکردەوە، کە لە یاریی نێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و بارسێلۆنا روویاندا.
لە کلاسیکۆی ئیسپانیا لەنێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و بارسێلۆنا، کە بارسا بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە، چەند یاریزانێکی بارسێلۆنا رووبەڕووی رەگەزپەرستی بوونەوە و ئەمەش کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوە.
دەستەی بەڕێوەبردنی خولی ئیسپانیا، لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "دەستەی لالیگا سکاڵایەکی بەپەلەی لە دژی ئەو سووکایەتی پێکردن و دەستەواژە رەگەزپەرستیانە تۆمارکردووە کە لە دژی یاریزانانی بارسێلۆنا بەکارهێنراون، سکاڵاکەش لەلایەن بەشی تاوانەکان بەدواداچوونی پۆلیس بۆ رق و کینە و زانیاری گشتی تۆمارکراوە و داواکاری گشتیشی لێ ئاگادارکراوەتەوە."
دەستەی لالیگا لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەدا دەڵێت "هەڵسوکەوتی رەگەزپەرستی جێگەی قبوڵ کردن نین، بە تووندی ئەم رووداوانە رەتدەکەینەوە و لە دژی هەموو هەڵسوکەوتێکی لەو شێوەیە لە ناوەوە و دەرەوەی یاریگە رادەوەستین و ئەمانە بەهیچ شێوەیەک شوێنیان لەنێو وەرزشدا نابێتەوە."
لەلایەن خۆیەوە یانەی ریال مەدرید راگەیێنراوێکی لەبارەی ئەو رووداوانە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "لێکۆڵینەوە لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە لە یارییەکەدا دروشمی دوور لە گیانی وەرزشی و رەگەزپەرستیان بەکارهێناوە و رووبەڕووی یاسایان دەکەینەوە."
هاتنە سەرهێڵی یانەی ریال مەدرید و دەستەی بەڕێوەبردنی لالیگا لەکاتێکدایە، لە دوای تۆمارکردنی گۆڵەکەی لامین یامال و چوارەمی بارسێلۆناش بەشێکی هاندەرانی ریال مەدرید رەگەزپەرستیان بەرامبەر یاریزانانی بارسا بەکارهێناوە.
لە گەڕی 11ـی لالیگا و لە یاریی کلاسیکۆدا، یانەی بارسێلۆنا لەنێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ بردنەوەیەکی گەورەی تۆمارکرد و 4-0 لە ریال مەدریدی بردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ