وەڵامی نەیمار بۆ دەستەوارەی یانەکانی سعودیە

27-06-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن نەیمار پاریس سانجێرمان، یاریزان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
هەڵوێستی نەیمار دا سێلڤای ئەستێرەی پاریس سانجێرمان لەبارەی ئەگەری چوونە یانەکانی خولی سعودیە ئاشکرا کرا.
 
لە ماوەی رابردوودا میدیای سعودی باسی ئەوەیان کردووە کە شکستهێنانی خولی رۆشنی سعودی لە گرێبەستکردن لەگەڵ لیۆنێل مێسی و چوونی ئەو یاریزانە بۆ ئەمریکا، وایکردووە بەرپرسانی تۆپی پێی ئەو وڵاتە هەوڵەکانیان بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ نەیمار چڕ بکەنەوە.
 
خولی سعودیە کە لە هاوینی ئەمساڵدا هەریەکە لە کەریم بنزیما، رۆبن نێڤێز، خالیدۆ کۆلیبالی و ئێنگۆلۆ کانتێی پەلکێشکردووە، چاوی لە هێنانی ژمارەی زیاتری ئەستێرەکانە.
 
رۆژنامەی 'لیکیپ'ی فەرەنسی ئاشکرایکردووە نەیمار ویستی بۆ رووکردنە خولی سعودیە نییە، چونکە ئەو ئێستا لە ژیانی خۆی لە پاریس رازییە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ ئەگەری مانەوەی نەیمار لە سانجێرمان، ئێستا لە هەموو کات زیاترە بەپێچەوانەی ساڵی رابردووەوە کە باس لە رۆیشتنی ئەو یاریزانە دەکرا.
 
میدیای فەرەنسا پێشتر گوتوویانە کارگێڕیی سانجێرمان هیواخوازە نەیمار لە یانەکە  بڕوات.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، ویستی نەیمار بۆ مانەوە، شکستی بە هەوڵەکانی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزیش هێناوە کە لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ بەرپرسانی سانجێرمان لەبارەی گرێبەستکردن لەگەڵ نەیمار، کۆبووبوونەوە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، ویستی مانەوەی نەیمار پەیوەندی بەبابەتی دیکەشەوە هەیە، لەوانەش ئەگەری هاتنی لویس ئینریکێ، بۆ مەشقدانی سانجێرمان و ئاشکرابوونی ویستی کیلیان ئێمباپێ بۆ رۆیشتن لە سانجێرمان لە هاوینی داهاتوودا.
 
گرێبەستی نەیمار لەگەڵ سانجێرمان لە هاوینی 2027 کۆتایی دێت.
 
پێشتر میدیای بەریتانیا ئاشکرایانکردبوو کە سعودیەکان دەستەوارەیەکی زەبەلاحیان خستووەتە بەردەمی نەیمار بۆ پەیوەندیکردن بە یەکێک لە یانەکانی ئەو خولە و مووچەی 250 ملیۆن یۆرۆی ساڵانەیان داوەتێ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە