رووداو دیجیتاڵ
ریۆ فێردیناند، یاریزانی پێشووی مانچێستەر یونایتد، پێیوایە ریال مەدرید گەورەترین رکابەری مانچێستەر سیتییە لە چامپیۆنزلیگ.. دووپاتیدەکاتەوە کە ئەو یانە ئیسپانییە، توانای دەرپەڕاندنی سیتی هەیە لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ.
فێردیناند، لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا گوتوویەتی، "مانچێستەر سیتی دەتوانێ هەموو یارییەکانی داهاتووی خۆی لە پرێمەرلیگ بباتەوە، ئەوان لە دوو ساڵی رابردووشدا هەمان کاریان کردووە، بەڵام پرێمەرلیگ لە چامپیۆنزلیگ جیاوازە".
ریۆ زیاتر دەڵێ، "گەورەترین رکابەر، ریال مەدریدە، بەچاوپۆشین لەوەی لە یارییەکاندا چ ئاستێک پێشکێش دەکات. هەمووان مێژووی ئەوانمان لە چامپیۆنزلیگدا بینیووە. ئەوان دەتوانن لە هیچەوە بەبراوەیی لە یاریگە بێنە دەرەوە. یاریزانی نایابیان هەیە لە هەموو شوێنەکانی یاریگە، ئەزموونی رووبەڕووبوونەوەی مانچێستەر سیتییان هەیە".
یاریزانەکەی پێشووی مانچێستەر یونایتد زیاتر گوتوویەتی، "یارییەکەی ریال مەدرید، قورسترین یارییە بۆ مانچێستەر سیتی، دواتریش دێربی مانچێستەر بەرامبەر یونایتد لە یاری کۆتایی جامی یەکێتیی ئینگلتەرا. ناتوانی پێشبینی ئەوە بکەیت کە چی روودەدات، ئەوان بەربژێرن بۆ بردنەوە لە یونایتد، بەڵام ناکرێ بدۆڕێن؟ بێگومان دەکرێ بدۆڕێن".
رۆژی نۆی مانگی پێنجی داهاتوو، مانچێستەر سیتی دەبێتە میوانی ریال مەدرید لە یاریی چوونی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ