گواردیۆلا ستایشی کڵۆپ و ئەڵۆنسۆ دەکات

27-02-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی لە لێدوانێکیدا باس لە دەستلەکار كێشانەوەی یۆرگن کڵۆپی راهێنەری لیڤەرپوول دەکات و ستایشی چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری بایێر لیڤەرکوزن دەکات، کە یەکێکە لە بەربژێرەکان بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی رێدز. 
 
لە لێدوانێکی چاوەڕواننەکراودا، کڵۆپ رایگەیاند کە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا ئەرکی راهێنەرایەتی لیڤەرپوول بەجێدەهێڵێت، ئەمەش مشتومڕێکی زۆری لە میدیاکاندا درووستکرد بەتایبەتی کە رێدز بەبارودۆخێکی باشدا تێپەڕدەبێت و پێشەنگی پرێمەرلیگی گرتووە.
 
لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی کڵۆپ، گواردیۆلا دەڵێت "من دڵنیام لیڤەرپوول گرێبەست لەگەڵ راهێنەرێکی باشدا دەکەن، بەڵام راهێنەرێکی نائاسایی لەدەستدەدەن، کاریگەری ئەو لەسەر لیڤەرپوول روونە." 
 
دواتر پێپ پرسیاری چابی ئەڵۆنسۆی لێدەکرێت، کە یەکێکە لە بەربژێرەکان بۆ شوێنگرتنەوەی کڵۆپ لە لیڤەرپوول، لە وەڵامدا دەڵێت "چابی ئەڵۆنسۆ؟ واو!، ئەو تاوەکو ئێستا نەدۆڕاوە، یانەکەی تاکە تیپەکە لە تۆپی پێی مۆدێرندا کە لە هەموو پاڵەوانێتییەکاندا هیچ شکستێکی نییە و شەڕ لەگەڵ بایرن میونشندا دەکات."
 
دواتر گواردیۆلا باس لەوە دەکات کە سەرەڕای ئەوەی لیڤەرکوزن پێشەنگی بوندێسلیگای گرتووە، هێشتا کارەکەیان کۆتایی نەهاتووە و دەڵێت "هۆشداری دەداتە یانەکەی ئەڵۆنسۆ و دەڵێت "یانەکەی گەورەترین بەشی ئەم وەرزەی تەواو کردووە، بەڵام هێشتا وەرزەکە کۆتایی نەهاتووە و دەکرێ نازناوی بوندێسلیگا لەدەست بدەن. هەمووان وا بیر دەکەنەوە کە ئەوان نازناوەکەیان بردووەتەوە و ئەرکەکە تەواو بووە، بەڵام بەپێچەوانەوە ئێستا قورسترین قۆناخی وەرزەکەیە و ئەرکەکە تەواو نابێت تاوەکو تەواو نەکرێت، بەڵام بۆ خاتری خودا سەیری شێوازی یاریکردنی تیپەکەی بکەن، ئەو هیچ یارییەکی لە یۆرۆپالیگ، جامی ئەڵمانیا و بوندێسلیگا نەدۆڕاندووە و بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر یاری دەکات. من بەبەخت بووم کە بۆ ماوەی دوو وەرز راهێنەرایەتیم کردووە کاتێک یاریزان بوو، ئەو یاریزانێکی زیرەک بوو."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە