گرینوود نایەوێت بێلینگهام سزابدرێت

27-02-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
مەیسن گرینوود، ئەستێرەی ئینگلیزی و هێرشبەری یانەی خیتافی داوای وەستاندنی لێکۆڵینەوەکان لەبارەی جود بێلینگهامی یاریزانی ریال مەدرید دەکات. 
 
لە یاریی نێوان ریال مەدرید و خیتافی لە گەڕی 20ـی لالیگادا، بێلینگهام تۆپێک لە گرینوود وەردەگرێت، دواتر لە دیمەنی کامێراکاندا دەردەکەوێت کە جود قسەیەک بە گرینوود دەڵێت و بەپێی سەرچاوەکان پێی دەڵێت "Rapist" کە بە مانای دەستدرێژیکەر دێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ساڵی 2022 گرینوود بە تۆمەتی تووندوتیژی و دەستدرێژیی سێکسی تۆمەتبارکرا.
 
بەپێی میدیاکانی ئیسپانیا، ئەگەر بسەلمێنرێت کە بێلینگهام ئەو کارەی ئەنجامداوە، ئەوا یاریزانەکە رەنگە تاوەکو چوار یاری سزابدرێت، بەڵام بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی سەن، گرینوود داوایکردووە لێکۆڵینەوەکان بوەستێنرێت و نایەوێت بێلینگهام سزابدرێت، رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەستێرەکەی خیتافی گوتوویەتی کە ئەو نایەوێت بەشێوازێکی خراپ لە میدیاکان دەربکەوێت و تەنیا دەیەوێت تۆپی پێ بکات.
 
بەپێی هەمان سەرچاوە، گرینوود بەو کارە زۆر دڵتەنگ بووە، چونکە چاوەڕێی نەدەکرد کەسێکی وەک بێلینگهام ئەو کارە بکات، بەڵام هێرشبەرەکەی خیتافی دەزانێت کە رووبەڕووی کرداری لەو شێوەیە دەبێتەوە بۆیە ئەوە قبوڵ دەکات کە پێویستە بەرگە بگرێت.
 
گرینوود لەم وەرزەدا لەگەڵ خیتافی، لە 25 یاریدا حەوت گۆڵی تۆمارکردووە و پێنج گۆڵی درووستکردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە