هۆکاری رۆیشتنی مەحموود داوود لە ریزەکانی هەڵبژاردەی سووریا ئاشکرادەکرێت

26-03-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هۆکاری رۆیشتنی مەحموود داوود، یاریزانی یانەی شتوتگارت لە ریزەکانی هەڵبژاردەی سووریا ئاشکرادەکرێت، کە رۆژی سێشەممە، کەمپی مەشقەکانی هەڵبژاردەکەی بەجێهێشت و هەرایەکی زۆری نایەوە. 
 
چەند کاژێرێک پێش ئەوەی وڵاتەکەی رووبەڕووی میانمار ببێتەوە لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026، داوود شاندی هەڵبژاردەی سوریای لە شانشینی سعودیە بەجێهێشت، ئەوەش سەرسامی هاندەرانی هەڵبژاردەکەی لێکەوتەوە، فێدراسیۆنی تۆپی پێی سوریاش رایگەیاند، جێبەجێکردنی داواکارییەکانی یاریزانەکە مەحاڵ بووە و هەر ئەوەش وایکردووە هەڵبژاردەکە بەجێبهێڵێت.
 
میشێل سەعد، بێژەری یارییەکانی خولی سێریا ئەی ئیتاڵیا، لە پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'ئێکس' دەڵێت "پرسی داوود گەورەترە لە چیرۆکی داواکارییەکانی بەڕێوبەری کارەکانی، یاریزانەکە حەزی لە کەشوهەوای نێو کەمپەکە نەبووە و چەند بەڵێنێکی بچووکیش هەبووە کە جێبەجێ نەکراون، بەڵام روونە کە ئەو یاریزانە رازی نەبووە بەوەی نوێنەرایەتیکردنی هەڵبژاردەی سووریا بکات و بڕیاریداوە بکشێتەوە."
 
رۆژی سێشەممە، فێدراسیۆنی تۆپی پێی سووریا لە راگەیێنراوێکدا گوتی "داوود هەڵبژاردەکەمانی بەجێهێشت، بەهۆی مەحاڵبوونی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی کە لەلایەن بەڕێوبەری کارەکانییەوە پێمانگەیشتبوو. بەرژەوەندی هەڵبژاردەی سووریا لە پێش هەموو شتێکەوەیە و لە داهاتوودا ووردەکارییەکان ئاشکرادەکرێن."
 
مەحموود داوود پێشتر بۆ هەڵبژاردە جیاوازەکانی ئەڵمانیا یارییکردووە، لە پاڵەوانێتیی خوار 17 ساڵانی ئەوروپا لە ساڵی 2017 یاریی بۆ هەڵبژاردەی ئەو وڵاتە کردووە، بۆ هەڵبژاردەی یەکەمی ئەڵمانیاش یارییەکی ئەنجامداوە، بەڵام چەند هەفتەیەک لەمەوبەر دوای ئەوەی فیفا رەزامەندییدا یاری بۆ هەڵبژاردەی سووریا بکات، لەلایەن ئەو هەڵبژاردەیەوە بانگهێشتکرا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە