رۆمان ئەبرامۆڤیج ملیاردێری رووسی و خاوەنی یانەی چێڵسی، دەستبەرداری پۆستی سەرۆکی یانەی چێڵسی بوو.
ئەبرامۆڤیج دوای 20 ساڵ سەرۆکایەتی و خاوەندارێتی یانەی چێڵسی، ئەرکی سەرپەرشتیکردنی بە دەستەی خێرخوازی یانەکە سپارد، دوای ئەوەی دەستبەرداری پۆستەکەی بوو.
لە لێدوانێکیدا، کە وێبسایتی یانەی چێڵسی بڵاویکردەوە ئەبرامۆڤیج دەڵیت: "لەماوەی 20 ساڵی خاوەندارێتیی چێڵسی، هەمیشە وەکو پاسەوانێکی یانەکە تەماشای رۆڵی خۆمم کردووە. ئامانجی من ئەوەبوو، لە بەرپرسیارێتیمدا، کار بۆ ئەوە بکەم سەرکەوتنی بەردەوام بۆ یانەکەمان مسۆگەر بکەم. هەروەها بۆ داهاتووی یانەکەش رۆڵێکی ئەرێنیمان هەبێت".
ملیاردێرە رووسیاییەکە دەشڵێت: "من هەمیشە بڕیارمداوە بەرژەوەندییە باڵاکانی یانەکە رەچاو بکەم، بۆیە من پابەندی ئەو بەهایەنەم و بڕیارمدا لەپێناو بەرژەوەندی چڵێسی، بەرپرسیارێتییەکەم رادەستی دامەزراوەی خێرخوازی یانەکە بکەم، بۆ ئەوەی ئەوان سەرپەرشتی ئەرک و کارەکانی یانەکەمان بکەن، ئێستا باشترین هەنگاو ئەوەیە، بڕیارێک بدەین لەبەرژەوەندی ستاف، یاریزانان و هاندەرانی یانەکەمان بێت".
حکومەتی بەریتانیا رێوشوێنی توندی بۆ سزادانی حکومەتی رووسیا گرتووەتەبەر، لە دەرئەنجامی هەوڵەکانی رووسیا بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا، یەکێک لە سزاکان رێگریکردنە لە چەند کەسایەتییەکی کاریگەری رووسی کە لە وڵاتی بەریتانیا، سەرقاڵی سەرمایەگوزارین، دیارترینیان رۆمان ئەبرامۆڤیچی سەرۆکی یانەی چێڵسییە، کە هاووڵاتییەکی خاوەن وڵاتینامەی رووسییە.
رۆمان ئەبرامۆڤیج یەکێکە لە سەرمایەدارەکانی نزیک لە ڤلادیمیر پووتینی سەرۆکی رووسیا، هەمیشە لە دەرئەنجامی ناکۆکییەکانی نێوان رووسیا و بەریتانیا چەندین جار کێشەی بۆ دروست کراوە، بەڵام تێکچوونی پەیوەندییەکانی رووسیا و بەریتانیا ئەبرامۆڤیجی ناچار بەم بڕیارە کرد.
رۆمان ئەبرامۆڤیج ساڵی 2003 یانەی چێڵسی کڕی. لە 20 ساڵی تەمەنی خاوەندارێتی یانە لەندەنییەکە، توانی چەندین نازناوی کیشوەری و ئەوروپی، تەنانەت لەسەر ئاستی پاڵەوانێتییە نێوخۆییەکانی وڵاتی ئینگلتەراش نازناوی بۆ بەدەست بهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ