رووداو دیجیتاڵ
تیپەکەی هانزی فلیک گورزێکی بەهێزی بەرکەوت، پێش ئەوەی رووبەڕووی ڤالێنسیا ببێتەوە، کە بەپێی سەرچاوەکانی نزیک لە یانەکە پێدری تووشی سکچوون و رشانەوەیەکی تووند بووە و ناتوانێت ئەمشەو یاری بکات.
هانزی فلیکی راهێنەری یانەی بارسێلۆنا بەر لە یارییەکەی ئەمشەو بەرامبەر ڤالێنسیا گورزێکی بەهێزی بەرکەوت، دوای ئەوەی پشتڕاستکرایەوە کە یەکێک لە یاریزانە هەرە کاریگەرەکانی بلاوگرانا تووشی کێشەی تەندروستی بووە و ناتوانێت یاری بکات.
بارسێلۆنا ئەمشە کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، لە گەڕی 21ـی لالیگادا، لەسەر یاریگای مۆنتجویک میوانداریی یانەی ڤالێنسیا دەکات.
بارسێلۆنا خاوەنی 39 خاڵە و پلەی سێیەمی ریزبەندیی خولی ئیسپانیای گرتووە و 10 خاڵ لەدوای ریال مەدریدی پێشەنگەوەیە و بە 6 خاڵ لەدوای ئاتلێتیکۆ مەدریدی دووەمەوەیە.
لەکاتێکدا ڤالێنسیا خاوەنی 16 خاڵە، و پلەی 19ـی ریزبەندیی خولی ئیسپانیای گرتووە.
بەپێی هەواڵێکی میدیای ئیسپانیا، پێدری بەهۆی کێشەیەکی تەندروستی لەناکاو بەشداری یارییەکەی ئەمڕۆ ناکات، چونکە یاریزانەکە زۆر نەخۆشە و زۆر بەتووندی تووشی سکچوون و رشانەوە بووە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، پێدری لە هانزی فلیکی راهێنەرەوە دڵنیایی وەرگرتبوو بۆ ئەوەی وەک یاریزانی سەرەکی بەرامبەر ڤالێنسیا یاری بکات، بەڵام باری تەندروستی و ماندوێتی یاریزانەکە رێگەی پێنادات ئەمڕۆ بەشداری بکات.
بارسێلۆنا بە 10 خاڵ لەدوای ریال مەدریدی پێشەنگەوە دەچێتە نێو یارییەکەوە، ئەمەش وایکردووە ئامادەنەبوونی پێدری گورزێکی بەهێزبێت بۆ تیپەکە، چونکە هەوڵدەدات پێگەی خۆی لە لالیگا باشتر بکات.
بەپێی زانیارییەکان "پێدری لەگەڵ باوکی بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی چووەتە شاری وەرزشی، دوای نیو کاژێر گەراوەتەوە ماڵەوە و لەگەڵ ئەندامانی تیپەکە بە پاس گەشتی نەکردووە".
بەپێی زانیارییەکان، فێرمین لۆپێز شوێنی پێدری لە هێڵی ناوەڕاستدا دەگرێتەوە و ئەمڕۆش لەگەڵ ڤالێنسیا لەپاڵ کاسادۆ یاری دەکات.
هەروەها لە یارییەکەی ئەمڕۆدا دانی ئۆلمۆ بەشداری ناکات بەهۆی پێکانەوە.
پێدری تەمەن 22 ساڵ، ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسا تاوەکو مانگی حوزەیرانی 2026 درێژ دەبێتەوە و بڕی مەرجی سزایەکەی 1 ملیار یۆرۆیە.
راپۆرتەکانی رۆژنامەڤانییەکان، بەم دواییانە ئاماژەیان بەوە کردووە کە یاریزانەکە لەگەڵ بارسێلۆنا لە گفتوگۆی پێشکەوتوودایە، بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2030.
پێدری لەم وەرزەدا 21 یاری لەگەڵ بارسێلۆنا لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا ئەنجامداوە، لەو ماوەیەدا 4 گۆڵی تۆمارکردووە و 4 ئەسیستیشی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ