رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکرد، گومان هەیە لە ئەگەری ئەنجامدانی یارییەکەی ڤالێنسیا و ریال مەدرید لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا، واتە شەممەی داهاتوو، ئەمەش بەهۆی ئەو زریانەی هەرێمەکەی گرتەوە و قەیرانێکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە.
ڤالێنسیا کە لە پلەی کۆتایی ریزبەندیی خولی ئیسپانیادایە، بڕیارە رۆژی شەممە میوانداریی یانەی ریال مەدریدی دووەمی ریزبەندیی خولەکە.
رۆژنامەی رێلیڤۆی ئیسپانیا ئەمڕۆ چوارشەممە لە راپۆرتێکیدا رایگەیاندووە "لەبەرئەوەی زیاتر لە 50 کەس بەهۆی ئەو لافاوەی ڤالێنسیای گرتووەتەوە، گیانیان لەدەستداوە، کارلۆس مازۆنی سەرۆکی شارەوانی ڤالینسیا، ماتەمینی فەرمی لە سەرتاسەری هەرێمەکە رادەگەیێنێت، کە بێگومان ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بەئەگەرێکی زۆرەوە یارییەکەی ڤالێنسیا بەرامبەر ریال مەدرید دوابخرێت".
رۆژنامەکە روونیشیکردووەتەوە "خولی ئیسپانیا تیمێکی تایبەتی ئامادەکردووە کە هەموو ئەم بارودۆخانە هەڵدەسەنگێنن بۆ ئەوەی بتوانن لەکاتی پێویستدا بەخێرایی بڕیاربدەن".
هەروەها دەشڵێت "یاریگای مێستایا کە شوێنی یارییەکەیە، هیچ زیانێکی بەرنەکەوتووە، هەروەها تەواوی شاری ڤالێنسیاش کێشەی بۆ دروست نەبووە، کە بەهۆی رەوتی رووباری توریاوە پارێزراو بووە، کە بەشێوەیەکی تایبەتی دوای لافاوەکەی ساڵی 1957 بۆ پاراستنی شارەکە لە لافاو دروستکراوە".
دەزگای کەشناسی ئیسپانیا، رۆژی سێشەممە دۆخی ئەوپەڕی ئامادەباشی لە رۆژهەڵاتی هەرێمی ڤالێنسیا راگەیاند، هاوکات تیمەکانی فریاگوزاری ئەو کەسانەیان رزگارکرد کە بەهۆی زریانی دانا لەنێو ئاوی لافاودا گیریان خواردبوو.
یانەکە لەسەر پلاتفۆرمی 'X" رایگەیاند "یانەکە پێیوایە دواخستن گونجاوترین رێوشوێنە بەهۆی ئەو بارودۆخە مەترسیدارەی کە لە ڤالێنسیا لە ئەنجامی زریانی داناوە رووبەڕووی دەبێتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ