رووداو دیجیتاڵ
تۆماس مۆلەر، ئەستێرەی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، دڵخۆشیی گەورەی خۆی بەدەرچوون و دەستپێکی نایابی تیپەکەی لە وەرزی ئەمساڵدا دەربڕی، پاشئەوەی تیپەکە لە دوو ساڵی رابردوودا ئاستی وەک پێویست نەبوو.
مۆلەر لە لێدوانی بۆ ماڵپەری دەستەی سەرپەرشتیاری بۆندێسلیگا دەڵێ، "دەبێ هەمووان دانبەوەدا بنێن کە ستایلی یارییکردنی ئێستامان زۆر چێژبەخشە".
بایرن میونشن کە لە هاوینی رابردوودا ڤینسنت کۆمپەنی بەراهێنەری نوێی یانەکە دەستنیشانکرد، لە شەش یاریی یەکەمی خۆیدا لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان، سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و 29 گۆڵی تۆمارکردووە و تەنیا پێنج گۆڵی لێکراوە.
یاریزانانی یانەکە لەگەڵ راهێنەرە نوێیەکەیاندا، بەتایبەت لە سێ یاریی کۆتاییدا ئاستی بەرزیان پێشانداوە و بە 6 - 1 لە هۆلشتاینی بردەوە و دواتر بە پێنج گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەسەر ڤێردەربرێمەندا بەدەستهێنا، بەرلەوەی بە 9 - 2 لە دینامۆکیێڤی زاگرینی کرواتی بباتەوە.
بایرن میونشن لە دوو ساڵی رابردوودا کێشە و تەنگژەی زۆری هەبوو. وەرزی رابردوو تیپەکە لە دوای ساڵی 2012ەوە یەکەمجاربوو دەستبەتاڵ لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان بێتە دەرەوە. وەرزی پێشووتریش لە دوا گەڕدا نازناوی بۆندێسلیگای بردەوە، پاشئەوەی بۆرووسیا دۆرتمۆندی رکابەری لە دوا یاریی خۆیدا شکستی هێنا.
مۆلەر دەڵێ، "بێگومان گۆڵی زۆر دەکەین، بەڵام من پێموایە ئەو گۆڵە زۆرانە بەرهەمی شێواز و ستایلی یاریکردنمانن، هەروەها بووژانەوە و زیندووبوونەوەمان لە یاریگەدا، ئەمە کارێکە ماوەیەکی زۆر بوو لە تیپەکەدا نەمابوو".
ئەو ئەستێرە قاڵەی بایرن هەروەها دەڵێ، "لەساڵانی رابردووشدا هەندێک یاریی باشمان هەبوون. بەڵام پێموایە ئەم کۆنترۆڵکردنەی ئێستای یارییەکان کارێکی نوێیە. دەبێ باوەڕ بەوە بکەن کە ئێمە دەیکەین، هەرئەوەش وامانلێدەکات هەستمان باش بێت".
مۆلەر پێیوایە ئەو کۆنترۆڵ و باڵادەستیەی ئێستا تیپەکە هەیەتی، هاوشێوەی ئەوەیە کە لە چەند کاتێکی پێشتردا تیپەکە هەیبوو، وەکئەوەی لەسەردەمی راهێنەران، یۆب هاینکس، هانزی فلیک و پێپ گواردیۆلا بەدەستیهێنا و لە نێوان 2013 تاوەکو 2020 سەرجەم نازناوەکانی بردەوە.
هێز و توانا و ستایلی نوێی بایرن میونشن، رۆژی شەممەی داهاتوو دەکەوێتە بەر تاقیکردنەوەیەکی گەورە، کاتیک تیپەکە لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی بایرلیڤەرکوزنی هەڵگری نازناوی خول و جامی ئەڵمانیا دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ