لالیگا لە دژی ریال مەدرید پشتی سێڤییا دەگرێت

25-02-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دەستەی لالیگا بڕیاریداوە پشتگیری سکاڵاکەی سێڤییا لە دژی ریال مەدرید بکات، کە لەبارەی هێرشکردنە سەر ناوبژیوانان لەسەر یانە مەدریدییەکە تۆماریکردووە.
 
بابەتی رەخنەگرتن لە ناوبژیوانان لەلایەن تەلەڤزیۆنی یانەی ریال مەدریدەوە ماوەیەکی زۆرە لە میدیاکان بڵاوبووەتەوە و زۆر لە یانەکان ناڕەزایەتییان لەو بارەیەوە نیشانداوە و باسیان لەوە کردووە کە ئەو کارە دەبێتە هۆی گوشاردروستکردن لەسەر ناوبژیوانان، بەڵام هیچ لایەنێک سکاڵای فەرمی لە دژی ئەو تەلەڤزیۆنە تۆمارنەکردبوو، تاوەکو دوێنی شەممە، یانەی سێڤییا رایگەیاند کە سکاڵای فەرمییان لە دژی ڤیدیۆیەکی تەلەڤزیۆنی یانەی ریال مەدرید تۆمارکردووە کە تێیدا کەناڵەکە هێرش دەکاتە سەر ناوبژیوانانی یارییەکەی ریال مەدرید و سێڤییا، کە بڕیارە لە گەڕی 26ـی لالیگادا رووبەڕووی یەکدی ببنەوە. 
 
ئەو بابەتە دەدرێتە دەست لیژنەی پاڵەوانێتیی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا کە لە چەند رۆژی داهاتوودا بڕیار دەدات کە ئایا پێویست دەکات لێکۆڵینەوە لەو بارەیەوە بکات یاخود نا، بەپێی رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی، لالیگا بڕیاریداوە کە ئەگەر لیژنەکە دەست بە لێکۆڵینەوە بکات ئەوا پشتی سێڤییا دەگرێت و لە دژی ریال مەدرید دەبێت.
 
خاڤیێر تێباسی سەرۆکی لالیگا، لە رابردوودا چەند جارێک ناڕەزایەتی خۆی لەبارەی ئەو ڤیدیۆیانەی تەلەڤزیۆنی ریال مەدریدەوە پیشانداوە کە تێیدا هێرش دەکەنە سەر ناوبژیوانان، بۆیە پێشبینی دەکرێت لەگەڵ داواکەی سێڤییا بێت.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە خۆسێ فێلیکس دیاز لە رۆژنامەی مارکا رایگەیاند کە ریال مەدرید هیچ گرنگییەک بە سکاڵاکەی سێڤییا نادات و هیچ گۆڕانکارییەک لە شێوازی بەڕێوەبردنی یانەکەدا ناکات، یانەکە پێیوایە لێکۆڵینەوەکان ناکرێن، چونکە بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆیانە بە مافی خۆیان دەزانن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە