رووداو دیجیتاڵ
ئەو کۆمپانیایەی چیمەنی یاریگەی کامپ نوی یانەی بارسێلۆنا دادەنێت، کار بۆ یانەی دهۆک دەکات لە نۆژەنکردنەوەی چیمەنی یاریگەکەدا.
دوو رۆژ لەمەوبەر یانەی دهۆک رایگەیاند، بەبڕیاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەست بە نۆژەنکردنەوەی چیمەنی یاریگەی یانەکە دەکرێت و لە دوای یاریی کلاسیکۆی نێوان یانەی دهۆک و هەولێر کارەکانی دەستپێدەکەن.
یانەی دهۆک بۆ نۆژەنکردنەوەی چیمەنی یاریگەکە لەگەڵ کۆمپانیای هێندریکس گراس زۆدێن گەیشتووەتە رێککەوتن.
ئەم کۆمپانیایە هۆڵەندییە، لە 1975ـەوە کاری گەشەپێدان و دانانی چیمەنی یاریگەکان دەکات و لە چەندین پاڵەوانێتی گەورەی جیهان کاریکردووە، لەوانەش مۆندیال و یۆرۆ.
ئێستا کۆمپانیایەکە راسپێردراوە، بۆ ئەوەی کار بۆ دانانی چیمەنی یاریگەی کامپ نوی نوێ، تایبەت بە یانەی بارسێلۆنا بکات، پێشتر ئەم کۆمپانیایە کاری بۆ یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆی ریال مەدریدیش کردووە.
دوای یارییەکەی دهۆک بەرامبەر هەولێر، هەمان کۆمپانی نوێنەرەکانی دەنێرێتە کوردستان و کار بۆ دانانی چیمەنی هۆڵەندی بۆ یاریگەی یانەی دهۆک دەکەن.
یانەی دهۆک رێوڕەسمی دەستپێکردنی رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عێراق بەڕێوەبرد، بەڵام خراپی چیمەنی یاریگەکە کاردانەوەی گەورەی دروستکرد و ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی بڕیاری گۆڕینی چیمەکەنە بدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ