رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ تیروپشکی جامی کەنداوی عەرەبی رادەکێشرێت و یانەی دهۆک لە پاڵەوانێتییەکەدا بەشدارە.
ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 19:00 لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، رێوڕەسمی راکێشانی تیروپشکی جامی کەنداو بۆ یانەکان رادەکێشرێت و هەشت یانە لە پاڵەوانێتییەکەدا بەشدارن لەنێویاندا یانەی دهۆک.
دکتۆر عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک بۆ ئامادەبوون لە رێوڕەسمی راکێشانی تیروپشکی پاڵەوانێتییەکە چووەتە قەتەر و هاندەرانی یانەکەش بە تامەزرۆییەکی زۆرەوە چاوەڕێی ئەنجامی تیروپشکەکە و هەڵوێستی یانەکەیان دەکەن لە پاڵەوانێتییەکەدا.
یانە بەشدارەکانی پاڵەوانێتی جامی کەنداوی عەرەبی ئەمانەن؛ دهۆک، ئیتیفاقی سعودی، عەرەبی قەتەری، نەسڕی ئیماراتی، رەفاعی بەحرەینی، قادسییەی کوێتی، ئەهلی سەنعای یەمەنی و زەفاری عومانی.
یانە بەشدارەکانی جامی کەنداو بۆ یانەکان بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەشدەکرێن، لە هەر کۆمەڵەیەک چوار یانە و دوو یانەی پێشەنگی هەر کۆمەڵەیەک دەگەنە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە لە 23-10-2024 بەردەوام دەبن، رۆژی 15-4-2025 یاریی کۆتایی رکابەرییەکە ئەنجامدەدرێت.
دوای 9 ساڵ وەستان، ئەمساڵ جارێکی دیکە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە ئەنجامدەدرێن و خەڵاتی دارایی گەورە بۆ براوەکانی پاڵەوانێتییەکە تەرخانکراون.
هەر یانەیەکی بەشدار 300 هەزار دۆلار وەکو پاداشتی گەیشتن بە پاڵەوانێتییەکە وەردەگرێت، پاڵەوانی جامی کەنداو بۆ یانەکان 3 ملیۆن دۆلار وەردەگرێت، خاوەنی پلەی دووەم 1 ملیۆن دۆلاری پێدەدرێت، باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکە بە 50 هەزار دۆلار خەڵات دەکرێت، باشترین گۆڵپارێز 50 هەزار دۆلار وەردەگرێت و گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکەش بەهەمان شێوە 50 هەزار دۆلار خەڵاتی دارایی وەردەگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ