هاندەرانی بارسێلۆنا بۆچی لاپۆرتایان ناوێت؟

23-08-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن خوان لاپۆرتا هاندەرانی بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بۆچی هاندەرانی یانەی بارسێلۆنا دژی خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەکەیان تەقیونەتەوە و دەیانەوێت واز لە سەرۆکایەتی بارسێلۆنا بێنێت؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە زۆر لە هەوادارانی تۆپی پێ دەیانەوێت وەڵامەکەی بزانن.
 
ژمارەیەکی زۆر لە هاندەرانی یانەی کەتەلۆنی لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی "X"ـەوە، بە هاشتاگی #Laportadimision داوای دەستلەکارکێشانەوەی لاپۆرتا دەکەن و نایانەوێت چیدی ئەو سەرۆکی بارسا بێت، چونکە پێیانوایە ئەو هیچی بۆ بارسێلۆنا نەکردووە، نەک ئەوەندە بەڵکو پێیانوایە ئەو کۆمەڵێک هەڵەی مێژوویی کردووە، کە بەهۆیانەوە بارسای بردووەتە دۆخێکی خراپتر.
 
دوای کۆرۆنا یانەی بارسێلۆنا کەوتە نێو قەیرانێکی دارایی گەورە و قەرزەکانی سەری گەیشتنە نزیکەی یەک ملیار دۆلار، ئیدی خوان لاپۆرتا کە گەڕایەوە سەرۆکایەتی ئەو یانەیە بەڵێنی دا کە بارسا لەو دۆخە رزگاربکات، بەڵام ئەوەی نەکرد.
 
هاندەرانی بارسا، ئەوانەی داوای رۆیشتنی خوان لاپۆرتا دەکەن، کۆمەڵێک پاساویان بەدەستەوەیە و دەڵێن، لاپۆرتا کۆمەڵێک هەڵە، درۆ، هەڵخەڵەتاندنی هەوادارانی بارسێلۆنای کردووە، بەهۆیانەوە شایەنی ئەوە نییە بەردەوام بێت، کە ئەمانە هەندێکیانن:
 
ــ ئەوەی لە هەموویان زیاتر کەتەلۆنییەکانی لە لاپۆرتا تووڕە کردووە، پرسی بەڕێکردنی لیۆنێل مێسی ئەفسانەی یانەکە بوو، کە سەرەتا و لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا مێسی بەکارهێنا و رایگەیاند کە بەهیچ سێوەیەک دەستبەرداری باشترین یاریزانی مێژوو نابێت، کەچی دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا و وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی بارسا، بە لیۆنێل مێسی رایگەیاند کە دۆخی داراییان رێگە بە مانەوەی نادات و لیۆ بە فرمێسکەوە لە یانەی ژیانی رۆیشت.
 
ــ کەتەلۆنییەکان پێیانوایە لاپۆرتا زۆر بێڕێزی بەرامبەر چاڤی هیرناندێزی ئەفسانەی یانەکە کرد و لە پۆستی راهێنەرایەتی دووریخستەوە.
 
ــ ئێستا ئاشکرابووە کە لاپۆرتا درۆی لەگەڵ هاندەرانی بارسا کردووە کە دەیگوت دەگەڕێینەوە سەر یاسای 1/1، چونکە تاوەکو ئێستاش ئەوە رووینەداوە.
 
ــ لە کاتێکدا تەنیا 10 رۆژ بۆ کۆتاییهاتنی مێرکاتۆی هاوینە ماوە، جگە لە دانی ئۆڵمۆ هیچ گرێبەستێکی نەکردووە، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە ئەویش ناونووس بکات.
 
ــ زۆر بانگەشەی بۆ ئەوە دەکرد کە گرێبەست لەگەڵ نیکۆ ویلیامزی یاریزانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی ئاتلێتیک بیلباو دەکات، کەچی دەرکەوت کە هەر لە بنەڕەتدا زانیویەتی کە ناتوانێت نیکۆ و ئۆڵمۆ پێکەوە بێنێت، بەڵام ویستوویەتی بەو درۆیە تووڕەیی هاندەرانی بارسا هەندێک دابمرکێنێتەوە.
 
ــ ناتوانێت ئەو یاریزانانە بفرۆشێت، کە مووچەیەکی گەورە وەردەگرن و تیپەکە پێویستی پێیان نییە.
 
ــ خوان لاپۆرتا دوای وەرگرتنەوەی سەرۆکایەتی بارسێلۆنا گرێبەستی لەگەڵ 24 یاریزان کردووە، کەچی تەنیا 7 لەو یاریزانانە ئێستا لە یانەکە ماون، کە بێگومان ئەوەش زیانێکی دارایی گەورەی لە یانەکە داوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە