لێدوانی راهێنەران.. چاڤی و سیمیۆنی سەرکەوتنیان دەوێت

23-04-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن دیێگۆ سیمیۆنی چاڤی هێرناندێز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ لە گەڕی 30ـی لالیگادا، لە یاریی لووتکەدا، یانەی بارسێلۆنا لەسەر یاریگەی کامپ نو میوانداری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات و هەوڵدەدات یارییەکە بباتەوە، بۆ ئەوەی جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ ریال مەدریدی دووەمی ریزبەندیی لە 8 خاڵەوە بکاتەوە 11 خاڵ. 
 
راهێنەری هەردوو یانە، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەیان بۆ میدیاکاران کرد و باسیان لە دۆخی یارییەکە و یانەکانیان کرد. ئەمە پوختەی قسەکانیانە:
 
 
چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا:
 
پێموایە ئەم هەفتەیە باش مەشقمان کرد. هەستی پۆزەتیڤم هەیە. ئەمە ئەو شتەیە کە دەبێ چاومان لەسەری بێت. من بیر لە وەرزی داهاتوو و یاریزانانی هاتوو ناکەمەوە. ئەو بابەتانەی لە دەرەوەی وەرزشن، کاریگەریی لەسەرمان نابێت. ئێمە چاومان لەسەر تۆپی پێیە. مەشقکردن و هاتن بۆ یاریگە و فۆکەس خستنە سەر ئەوەی کە دەتوانین بیکەین بەباشترین شێوە. ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ باسکردنی گەڕانەوەی لیۆ یان هاتنی هەر یاریزانێکی دیکە.
 
نۆ یارییمان ماوە و هەر یارییەک لەو یارییانە گرنگ و بەبایەخن، وەک نۆ یاریی کۆتایی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین. ئەگەر لە ئاتلێتیکۆ ببەینەوە، ئیدی ماوە بۆ ریال مەدرید ناهێڵینەوە تاوەکو بیر لە بردنەوەی خولی ئیسپانیا بکاتەوە. ئەمە گورز دەبێت بۆ رکابەرەکەمان لەسەر نازناوەکە. ئێمە هەموو کات ئامانجی سەرەکیمان بردنەوەی نازناوی لالیگایە. تاوەکو ئێستا دۆخمان باشە. ناتوانین بێخەمیی بکەین و بێباک بین. لەبەرئەوەی ئێستا دوو رکابەری راستەوخۆمان هەن کە لە دۆخی باشدان، ریال مەدرید و ئاتلێتیکۆ مەدرید.
 
 
دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری ئاتلێتیکۆ مەدرید:
 
بارسێلۆنایەک دەبینم کە زۆر حەزم لێیە. ئەو تیپە لە دوای هاتنی چاڤییەوە زۆر گەشەی کردووە، شێوازێکی جوانی بارسا هەیە، کە لەسەر بنەمای تایبەتمەندی یاریزانەکانی دانراوە، یاری دوای یاری گەشەیان کردووە و بەڕاستی وەرزێکی نایابیان لە لالیگا ئەنجامداوە، ئەوان هێڵی بەرگرییان باشتر کردووە. بەرگری بۆ تیپ زۆر گرنگە، بۆ نموونە ئێستا مانچێستەر سیتی لە رووی بەرگرییەوە زۆر بەباشی کاردەکات.
 
لە رووی مێژووییەوە بارسێلۆنا لەسەر بنەمای تایبەتمەندی هێرشبەری ئەستێرەکانی یاریی دەکات، بۆیە ئەم پێشکەوتنە لە هێڵی بەرگریدا، زیادەیەکە لەلایەن چاڤییەوە بە تیپەکە بەخشراوە. 
 
سەبارەت بە رکابەریکردن لەسەر لالیگا؟ راستییەکە هەیە، ئێمە یارییەکی گرنگ دەکەین، دەبێت بەو شێوەیە یاری بکەین کە پێمانوایە دەبێت یاری بکەین و دەبێت بەم شێوەیە بەردەوام بین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە