راهێنەرێکی چاوەڕواننەکراو لە پلانەکانی ریال مەدریددایە

22-11-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ریال مەدرید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای قسەکانی لیۆنێل سکالۆنی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین کە گوتی "پێویستە لە ژیانی تۆپی پێ بوەستم و بیر لە بابەتێکی دیکە بکەم، ئەرجەنتینش پێویستیی بە راهێنەرێکی پڕ وزەیە"، هەر زوو ناوی ئەو راهێنەرە بە یانەیەکی گەورەوە بەسترایەوە.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو باس لەوەدەکەن کە سکالۆنی لە پلانەکانی یانەی ریال مەدریددایە، کارگێڕیی ئەو یانەیە دەیەوێت راهێنەرەکە لە شوێنی کارلۆ ئەنچێلۆتی بکاتە راهێنەری یانەکەی، کە تاوەکو ئێستا ئەمەی دوایینیان گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە نوێنەکردووەتەوە و داهاتووی دیارنییە.
 
رۆژنامەی سپۆرت دەڵێت" ریال مەدرید بەدوای جێگرەوەیەکدا دەگەڕێت بۆ شوێنی ئەنچێلۆتی، یەکێک لەو راهێنەرانەش سکالۆنییە، کە یانەکە بیر لە گرێبەستکردن لەگەڵیدا دەکاتەوە و پێی وایە لیۆنێل لەگەڵ شێوازی یانەکە زۆر گونجاو دەبێت."
 
جگە لە سکالۆنی، هەریەکە لە رۆبێرتۆ دی زێربی، راهێنەری ئیتاڵی و یانەی برایتنی ئینگلیزی، چابی ئەڵۆنسۆ، راهێنەری یانەی بایرلیڤەرکوزن، ئەلڤارۆ ئەربێلوا، راهێنەری تیپی تازەپێگەیشتووانی ریال مەدرید و راول گۆنزالێس، راهێنەری تیپی کاستیا مەدرید، ناویان بە ریال مەدریدەوە بەستراوەتەوە، بۆ ئەوەی لە دوای ئەنچێلۆتی، پۆستی راهێنەرایەتیی یانەکە وەربگرن.
 
گرێبەستی کارلۆ ئەنچێلۆتی، لەگەڵ یانەی ریال مەدرید لە هاوینی ساڵی 2024 کۆتاییدێت، هەرچەند ناوی راهێنەرەکە بە هەڵبژاردەی بەرازیلەوە بەستراوەتەوە و چەندجارێک فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەو وڵاتە و یاریزانەکانی هەڵبژاردەکە لەبارەی راهێنەرەکەوە قسەیان کردووە، بەڵام لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ریال مەدرید دەیەوێت بۆ دوو ساڵی دیکە گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، بەڵام هێشتا بەتەواوی بابەتەکە یەکلانەکراوەتەوە.
 
یاریزانانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە قسەکانی لیۆنێل سکالۆنی نیگەرانن، بەشی زۆریان لە دوای بردنەوەیان لە بەرازیل لەبارەی راهێنەرەکەوە قسەیانکرد و هیواخوازن ئەو لەگەڵ هەڵبژاردەکە بمێنێتەوە.




 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە