رۆناڵدۆ بۆ لە نەسڕ بێزارە؟ نهێنی و هۆکار

22-08-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ یانەی نەسڕ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، بەهۆی شکستی یانەی نەسڕی سعودی لە دروستکردنی تیپێک کە توانای بردنەوەی خولی رۆشنی هەبێت، زۆر بێزارە، بەو پێیەی ئەو تیپە لە ساڵی 2023ـەوە کە کریس پەیوەندی بە ریزەکانییەوە کردووە، سەرکەوتنێکی ئەوتۆی بەدەست نەهێناوە.
 
لەم دواییانەدا رۆناڵدۆ بینرا کە گلەیی لە هاوڕێکانی دەکات، لە کاتی دۆڕانە گەورەکەیان بە هیلال لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری سعودیە.
 
بەپێی ئەوەی ماڵپەڕی givemesport بڵاویکردووەتەوە، گواستنەوەی رۆناڵدۆ بۆ یانەی نەسڕ، سەرەتای گواستنەوەی چەند ئەفسانەیەکی نێودەوڵەتی بوو بۆ سعودیە، چونکە نەیمار و کەریم بنزیما و ئینگۆلۆ کانتێ لە ماوەی یەک ساڵ دوای هاتنی رۆناڵدۆ روویان لە خولی سعودیە کرد، تەنانەت نەسڕ گرێبەستی لەگەڵ ئەستێرەکانی وەک سادیۆ مانێ و ئێمریک لاپۆرت واژۆکرد بۆ ئەوەی شانبەشانی رۆناڵدۆ یاری بکەن.
 
رکابەری لەسەر نازناوەکان
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی مارکا، شکستهێنانی یانەی نەسڕ لە پێکهێنانی تیپێک کە توانای ئەوەی هەبێت لە رکابەریکردن لەسەر نازناوەکان ئاستێکی باشتری هەبێت، بووەتە هۆی زیادبوونی بێزاری رۆناڵدۆ، ئەمە جگە لە دابەزینی ئاستی تیپەکە لە ماوەی رابردوودا بەنزیکەیی دوو ساڵ، وەک چۆن نەسڕ وەرزی رابردوو بە جیاوازی 14 خاڵ وەک دووەمی دوای هیلال کۆتایی بە خولەکە هێنا.
 
لەم دواییانەدا یانەی نەسڕ چانسی بەدەستهێنانی نازناوێکی هەبوو کاتێک لە یاریی کۆتایی سوپەری سعودیە رووبەڕووی یانەی هیلال بووەوە، بەڵام تووشی شکستێکی گەورە بوو، و بە ئەنجامی 1-4 دۆڕا و جارێکی دیکە ئەو راستییە دووپاتکرایەوە کە جیاوازی نێوان هەردوو یانە هێشتا زۆرە.
 
لەگەڵ نزیکبوونەوە لە چوونە نێو تەمەنی 40 ساڵی، یاریزانی پێشووی یانەی ریال مەدرید چیدی توانای ئەوەی نییە هەموو شتێک بەتەنیا ئەنجام بدات، هەروەها پێویستی بە پاڵپشتی هەیە، بەڵام وادیارە بەشێکی زۆری بەدەستنەهێنا، سەرەڕای ئەوەی هاوینی رابردوو سادیۆ مانێ لە بایرن میونشنەوە پەیوەندی بە یانەی نەسڕەوە کرد و هیوا زۆربوو کە دەتوانێت ئەسیستی زۆر بکات و بەشداری لە تۆمارکردنی گۆڵەکاندا بکات لەگەڵ رۆناڵدۆ، بەڵام لەو ئاستە گەورەیەدا دەرنەکەوت کە لە لیڤەرپوولدا هەیبوو.
 
لەکاتێکدا دەنگۆ لەسەر خواستی مانێ بۆ گواستنەوەی بۆ یانەیەکی دیکە زیاتر دەبێت، هەروەها ئەگەری هەیە لاپۆرت بگەڕێتەوە بۆ ئیسپانیا، و پێدەچێت یاریزانە تەمەن 39 ساڵەکە خۆی بەبێ هیچ کام لە هاوڕێ ئەستێرەکانی خۆی ببینێتەوە، ئەوکاتیش بۆشایی نێوان نەسڕ و هیلال زیاتر لە جاران زیاد دەکات.
 
ئەوەی دۆخەکە خراپتر دەکات ئەوەیە کە راپۆرتەکانی دەیلی مەیڵ ئاماژە بەوە دەکەن کە سندوقی وەبەرهێنانی گشتی سعودیە بڕیاری کەمکردنەوەی ئەو پاڵپشتییە داراییەی داوە کە پێشکەشی یانەکە دەکات. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە نەسڕ لە داهاتوودا بەزەحمەت بتوانێت گرێبەست لەگەڵ یاریزانە دیارەکان بکات.
 
رەخنە قبوڵ ناکات
 
رۆناڵدۆ هەروەها هەست بە بێزاری دەکات هەر کاتێک رەخنە لە ئاستی بگیرێت، بەو پێیەی رەخنەکانی بەباشی قبوڵ ناکات، جا لە لایەن راهێنەرەکانییەوە بێت یان هاوڕێکانی، ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی نائارامی زیاتر لە یانەکەدا، و تەنانەت ببێتە هۆکاری ئەوەی بڕیار بدات کۆتایی بە کاروانی تۆپی پێی بهێنێت.
 
راستە ئەو ئەستێرە پۆرتوگالییە لە تۆپی پێدا هەموو شتێکی بەدەستهێناوە، بەڵام پاڵەوانێتی یۆرۆی 2024 دەریخست کە ئاستی رۆناڵدۆ لە یەکێک لە گەورەترین پاڵەوانێتییەکانی تۆپی پێدا دەستیکردووە بە خاوبوونەوە.
 
خولی رۆشن دەستپێدەکات
 
یانەی نەسڕ، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، گەشتەکەی لە خولی رۆشنی سعودیە بە رووبەڕووبوونەوەی یانەی رائید دەستپێدەکات.
 
یانەی نەسڕ بەدوای ئاشتەوایی لەگەڵ هاندەرانیدا دەگەڕێت، دوای ئەوەی شەممەی رابردوو لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری سعودیە بەئەنجامی 1-4 بە یانەی هیلال دۆڕا.
 
هەروەها نەسڕ هەوڵدەدات لە یەکەم یاریی وەرزی نوێدا سەرکەوتن بەدەستبێنێت و 3 خاڵ بباتەوە و بەسەرەتاییەکی بەهێز دەستپێبکات. هەروەها دەیەوێت تۆڵە لە میوانەکەی بکاتەوە، چونکە رائید لە دوایین یاریی نێوان هەردوو یانەدا، بە ئەنجامی 3-1 لە نەسڕی بردووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە