رووداو دیجیتاڵ
یانەی دهۆک سەرجەم چالاکییە وەرزشییەکانی لەسەر ئاستی کوردستان هەڵپەسارد.
دکتۆر عەبدوڵلا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "ئێمە لە یانەیەک دهۆک زۆر نیگەرانین لەو رووداوانەی لە یارییەکەی بەرامبەر پێشمەرگەی هەولێر روویاندا و ئێمە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو رووداوانە نین."
سەرۆکی یانەی دهۆک دەڵێت "بەر لەوەی یارییەکە بەڕێوەبچێت، ئێمە داوامانکردبوو کە یارییەکە لە یاریگەی هەولێر نەکرێت، دوای ئەو رووداوانەی لەنێوان هاندەرانی هەردوو یانە روویاندا، بەڵام کاتێک کە بڕیاردرا ئەم یارییە لە یاریگەی فرانسۆ هەریری بکرێت، ئەمەی روویدا پێشبینیکراو بوو، بۆیە یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان بەرپرسی یەکەمە و لە هەر یاریگەیەکی دیکە یارییەکە کرابا ئەمە رووینەدەدا."
عەبدوڵلا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک بە رۆژنامەڤانانی گوت "بۆچی تەنیا لە یاریگەی هەولێردا ئەمە روودەدات؟ ئێمە داواماندەکرد یارییەکە لە یاریگەیەکی دیکە بکرێت، داوامانکرد ناوبژیوانێکی نێودەوڵەتی لە دەرەوەی کوردستان بێنن، هەرچەند ناوبژیوانیان گۆڕی بەڵام گۆڕانکارییەکەش هەر لە کوردستان بوو، کە ئەو ناوبژیوانەی یارییەکەی بەڕێوەبرد، ئەمە چەندجارێک بەهۆی ناوبژیوانەکەوە رووداوی هاوشێوە روودەدات، کە پێشتر ناوبژیوانییەکی خراپی کردووە، کە لەگەڵ ئەوەشی هاوشێوەی ئێمە ئەویش مرۆڤە و دەکرێت هەڵەبکرێت، بەڵام هەندێک رووداوی نائاسایی روویانداوە کە دەکرا یارییەکە لە شوێنێکی دیکە بکرێت و ئەمەش رووینەدەدا."
سەرۆکی یانەی دهۆک دووپاتیدەکاتەوە کە هاندەرانیان جگە لە یاریگەی هەولێر لە کوێی دیکە هاندەرانمان پەیژەکانی یاریگەیان شکاندووە، بەڵام لە یاریگەی هەولێر بەشێوەیەک مامەڵە بەرامبەر هاندەرانمان دەکرێت دەروونیان تێکدەدرێت.
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا دکتۆر عەبدوڵلا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک گوتی "بەهۆی شەڕەکەی یاریگەی فرانسۆ هەریری 18 هاندەر برینداربوون، کە یەکێکیان بارودۆخی زۆر خراپ بوو، بەڵام بۆ باسی ئەوە ناکرێت و هەر دەڵێن 100 کورسی شکێنراوە، ئەمانەش کوڕی ئەم وڵاتەن و دەکرێت هەڵەیان کردبێت، بەڵام نابێت بەمشێوەیە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت."
سەرۆکی یانەی دهۆک دەڵێت "بەهیچ شێوەیەک یانەی دهۆک ئامادەی رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی یاریی کۆتایی جامی کوردستان نابێت و سەرجەم چالاکییە وەرزشییەکانیشمان لەسەر ئاستی کوردستان رادەگرین، رۆژی سێشەممە کۆبوونەوەیەکی دیکەش ئەنجامدەدەین و ئەگەر هەڵوێست نەبێت، چەند بڕیارێکی دیکە دەدەین."
لە یاریی کۆتایی جامی کوردستان کە یانەی پێشمەرگەی هەولێر 2-1 لە دهۆکی بردەوە و بووە پاڵەوانی جامی کوردستان، لە یاریگەی فرانسۆ هەریری شەڕ و ئاژاوەیەکی گەورە روویدا و بەو هۆیەوە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی پاڵەوانێتییەکە ئەنجامنەدرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ