یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا تۆمارە دەنگییەکان لەبارەی گۆڵە رەتکراوەکەی بارسێلۆنا لە کلاسیکۆ بڵاودەکاتەوە

22-04-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا تۆمارە دەنگییەکانی نێوان سیزار گرادۆ، ناوبژیوانی یاریی نێوان ریال مەدرید و بارسێلۆنا لەگەڵ ژووری ڤار لەبارەی گۆڵە رەتکراوەکەی لامین یامال بڵاودەکاتەوە. 
 
لە میانی یارییەکانی گەڕی 32ـی لالیگا، یانەی بارسێلۆنا بووە میوانی ریال مەدرید و یارییەکەی بە ئەنجامی 3-2 پێدۆڕاند. لە خولەکی 28ـی یارییەکەدا، لامین یامالی هێرشبەری بارسێلۆنا لێدانێک بۆ گۆڵی ریال مەدرید لێدەدات و ئاندرێ لونینی گۆڵپارێز لەسەر هێڵی گۆڵ تۆپەکە دەردەهێنێتەوە، یاریزانانی بارسێلۆنا پێیان وابوو تۆپەکە هێڵی گۆڵی بەتەواوی بڕیوە و داوای هەژمارکردنی گۆڵەکەیان دەکرد. بەهۆی نەبوونی تەکنەلۆژیای هێڵی گۆڵ لە لالیگا، ناچار پەنا بردرایە بەر بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ڤار بۆ یەکلاکردنەوەی بڕیارەکە، دوای سەیرکردنەوەی دیمەنەکە لە ڤار، ناوبژیوان بەردەوامی بە یارییەکەدا و گۆڵەکەی هەژمارنەکرد بەبیانووی ئەوەی تۆپەکە بەشێکی لە دەرەوەی گۆڵەکە بووە و بەتەواوی هێڵی گۆڵی نەبڕیوە.
 
لەو بارەیەوە خوان لاپۆرتای سەرۆکی بارسێلۆنا هاتە دەنگ و رایگەیاند، یانەکەی داوای لە یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا کردووە وێنە و تۆمارە دەنگییەکانی پەیوەست بە گۆڵە رەتکراوەکەی یامالیان بۆ بنێرن. 
 
دوای چەند کاژێرێک لە قسەکانی لاپۆرتا، یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا تۆمارە دەنگییەکانی نێوان ناوبژیوانی یارییەکە و ژووری ڤار بڵاودەکاتەوە کە گفتوگۆکانی نێوانیان بەمشێوەیەیە: 
 
سیزار بۆ ئیلکای گوندۆگانی یاریزانی بارسێلۆنا: چاوەڕێی ڤار دەکەین بۆ یەکلاکردنەوەی بڕیارەکە، لەوانەیە گۆڵ بێت، بەڵام جارێ دەبێت سەیری دیمەنەکان بکەینەوە.
 
ژووری ڤار: چرکەیەک بووەستە، ئێمە لە چەند گۆشەیەکی دیکەوە سەیری دیمەنەکە دەکەینەوە. ئەم گۆشەیە بێ سوودە، ئەمەشیان سوودی نییە, لە هیچ كام لە گۆشەكانەوە دیار نییە.
 
سیزار: پێویست ناکات پەلە بکەین، ئەوە بڕیارێکی زۆر گرنگە. سەیری هەموو کامێراکان بکەنەوە.
 
ژووری ڤار: لێدانی کۆڕنە هەژماربکە، ئێمە هیچ بەڵگەیەکمان نییە کە بیسەلمێنێت تۆپەکە بەتەواوی هێڵی گۆڵی بڕیبێت، بۆیە لێدانی کۆڕنە هەژماردەکەین. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە