بارسێلۆنا داوای دووبارەکردنەوەی یاریی کلاسیکۆ دەکات

22-04-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، لەبارەی گۆڵە رەتکراوەکەی لامین یامال لە یاریی کلاسیکۆدا دێتە دەنگ و دەڵێت، بەهۆی رەتکرانەوەی گۆڵەکە "لەوانەیە داوای دووبارەکردنەوەی یارییەکە بکەین."
 
لە میانی یارییەکانی گەڕی 32ـی لالیگا، یانەی بارسێلۆنا بووە میوانی ریال مەدرید و یارییەکەی بە ئەنجامی 3-2 پێدۆڕاند. لە خولەکی 28ـی یارییەکەدا، لامین یامالی هێرشبەری بارسێلۆنا لێدانێک بۆ گۆڵی ریال مەدرید لێدەدات و ئاندرێ لونینی گۆڵپارێز لەسەر هێڵی گۆڵ تۆپەکە دەردەهێنێتەوە، یاریزانانی بارسێلۆنا پێیان وابوو تۆپەکە هێڵی گۆڵی بەتەواوی بڕیوە و داوای هەژمارکردنی گۆڵەکەیان دەکرد. بەهۆی نەبوونی تەکنەلۆژیای هێڵی گۆڵ لە لالیگا، ناچار پەنا بردرایە بەر بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ڤار بۆ یەکلاکردنەوەی بڕیارەکە، دوای سەیرکردنەوەی دیمەنەکە لە ڤار، ناوبژیوان بەردەوامی بە یارییەکەدا و گۆڵەکەی هەژمارنەکرد بەبیانووی ئەوەی تۆپەکە بەشێکی لە دەرەوەی گۆڵەکە بووە و بەتەواوی هێڵی گۆڵی نەبڕیوە.
 
خوان لاپۆرتا، لەبارەی رووداوەکەوە دەڵێت "ئێمە داوامان لە یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا کردووە کە وێنە و تۆمارە دەنگییەکانمان لەبارەی گۆڵە رەتکراوەکەی لامین یامالەوە بۆ بنێرن. دوای هەڵسانگاندنی بارودۆخەکە و سەیرکردنەوەی دیمەنەکان، ئەگەر بۆمان دەرکەوت کە تۆپەکە بەتەواوی هێڵی گۆڵی بڕیوە، ئەوا لەوانەیە داوای دووبارەکردنەوەی یارییەکە بکەین."
 
دوای دۆڕاندنی کلاسیکۆ، یانەی بارسێلۆنا هیوایەکی کەمی بۆ رکابەریکردن لەسەر بەدەستهێنانی نازناوی ئەم وەرزەی لالیگا ماوە، بەشێوەیەک کە یانە کەتەلۆنییەکە بە 70 خاڵ لە پلەی دووەم دێت و 11 خاڵ لە دوای ریال مەدریدی پێشەنگی ریزبەندی خولەکەوەیە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە