تیروپشکی چامپیۆنزلیگ.. لە دێربیی مەدریدەوە بۆ ئەرکە سەختەکەی لیڤەرپوول

22-02-2025
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن دێربیی مەدرید چامپیۆنزلیگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تیروپشکی قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ کاردانەوەی جیاوازی شارەزایانی تۆپی پێی ئەورووپای بەدوای خۆیدا هێنا و لە پەیامێکدا بۆ یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، تۆماس رۆنسێرۆ گوتی، ببورە چۆلۆ.
 
لە نیۆنی سویسرا، تیروپشکی قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ ئەنجامدرا و چەندین رووبەڕووبوونەوەی بەهێزی لێکەوتەوە، دیارترین بەریەککەوتنی نێوان یانەکان، یاریی نێوان هەردوو یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و لیڤەرپوولی ئینگلیزی بوو. هەروەها دووبارەبوونەوەی دێربیی مەدرید لە نێوان ریال مەدرید و ئاتلێتیکۆ مەدرید.
 
لە بارەی یاریی نێوان هەردوو یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی و پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، پاول جۆیس، رۆژنامەڤانی وەرزشی لە گۆڤاری 'تایمز' دەڵێ، "تاقیکردنەوەیەکی قورس دەبێت بۆ لیڤەرپوول و پاریس لە فۆرمێکی بەرزدایە، وا هەستدەکەم ئاڵنگارییەکی گەورە دەبێت بۆ لیڤەرپوول لەپێناو گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانیەتییەکە".
 
لیڤەرپوول بەپێشەنگی قۆناخی یەکەمی چامپیۆنزلیگ گەیشتووەتە قۆناخی شانزە و پاریس سانجێرمانیش لە پاشکۆی گەیشتن بەقۆناخی شانزە، لە دوو یاریدا بەئەنجامی 10 - 0 لە برێستی بردەوە.
 
لە یارییەکی دیکەی قۆناخەکەدا، ئارسیناڵی ئینگلیزی، بەرامبەر پی ئێس ڤی ئایندهۆڤنی هۆڵەندی یارییدەکات. یارییەکە بۆ میکێل ئارتێتا و یاریزانەکانی گرەوێکی دیکە دەبێت، لە کاتێکدا ئەوان هێشتا لە ململانێدان لەسەر نازناوی پرێمەرلیگ.
 
دایڤد هایتنەر، لە رۆژنامەی 'گاردیان' ئەرکەکە بۆ ئارسیناڵ بەقورس ناودەبات، ئەو دەڵێ، "یارییەکە ئاڵۆز دەبێت و ئاسان نییە هەڵیبێنی کێ سەردەکەوێت، بەڵام لەمکاتانەدا ئارسیناڵ بە ڕێگایەکی راستدا رێدەکات، هەربۆیە تەنیا لە رێگەی سوپرایزەوە یانە هۆڵەندییەکە دەتوانێت ئارسیناڵ ببڕێت".
 
ئاستۆن ڤێلای ئینگلیزی، لەگەڵ ئۆنای ئێمری راهێنەر، بۆ وەرزێکی دیکە بەئاستێکی نایابەوە دەردەکەوێت. ئەو یانەیە لە قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگە و وەک یەکێک لە یانە راستەوخۆ سەرکەوتووەکان لە قۆناخەکەدا بەشدارە. لە قۆناخی داهاتوودا، ئێمری و تیپەکەی بەرامبەر کڵەب برووج یارییدەکەن کە لە پاشکۆدا، ئاتاڵانتای ئیتاڵییان دووچاری شۆککرد.
 
هێنری وینتەر، رۆژنامەڤانی وەرزشی لە گۆڤاری 'تایمز' پێیوایە، "یاریی ئاستۆن ڤێلا لەگەڵ کڵەب برووج سەرنجڕاکێش دەبێت". ئاماژەی بەوەکردووە "یانەی ئاستۆن ڤێلا یارییەکی نایاب پێشکێش دەکات، بەڵام نابێت سوپرایزەکەی کڵەب برووج بەسەر ئاتاڵانتا پشتگوێ بخەین".
 
تیروپشکەکە دووبارەبوونەوەی دێربییەکی دیکەی مەدریدی لە نێوان هەردوو تیپەکەی پایتەختی ئیسپانیا لێکەوتەوە. ئەو دوو یانەیە پێشتر دووجار لە یاریی کۆتاییدا رووبەڕووی یەکبوونەتەوە و هەردووجارەکە ریال مەدرید نازناوەکەی بەدەستهێناوە.
 
تۆماس رۆنسێرۆ، رۆژنامەنووس لە گۆڤاری 'کادینا سێر' لایەنگری سەرسەختی ریال مەدرید دەڵێ، "زۆر دڵخۆشبووم بەم بەریەککەوتنە، نەمتوانی دڵخۆشیی خۆم بشارمە، پەیامێکم بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید نارد و پێمگوتن ببورە چۆلۆ". (مەبەست لێی دیێگۆ سیمیۆنی راهێنەری ئاتلەتیکۆ مەدریدە).
 
بەریەککەوتنێکی ئەڵمانییانە، ناونیشانی رووبەڕووبوونەوەی نێوان هەردوو یانەی بایرن میونشن و بایرلیڤەرکوزن دەبێت، لە قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ. 
 
ستیڤان ماتسکی، رۆژنامەنووسی شارەزا لە تۆپی پێی باڤاریا، ئاماژەی بەکاردانەوەی جان کریستیان دریسینی سەرۆکی جێبەجێکاری یانەی بایرن میونشن کردووە کە دەڵێ، "دڵخۆشم بە رووبەڕووبوونەوەی یانەی بایرلیڤەرکوزن، یارییەکی زۆر بەهێز دەبێت کە دووبارە هەردوو یانەکەی بۆندێسلیگا بەریەکدەکەون، بەڵام ئەمجارەیان لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا".
 
ئەگەرچی تیروپشکەکەی قۆناخی شانزە، بارسێلۆنای بردووەتە بەردەم بێنفیکا و ئەوەش گەشبینییەکی گەورەی لەبەرەی کەتەلۆنیا بەیارییەکی ئاسان لە قۆناخەکەدا لێکەوتووەتەوە، بەڵام هەندێک بۆچوون باس لە پێویستیی جۆریک لە وریایی لە مامەڵە لەگەڵ ئەو یانە پۆرتوگالییە دەکەن.
 
جۆردی گارو، رۆژنامەڤان لە ماڵپەری 'بارسا بلوگرانا'، ئاماژەی بە خاڵێکی گرنگداوە و دەڵێ، "پێموانییە یارییەکی ئاسان بێت بۆ بارسیلۆنا"، ئەو رۆژنامەڤانە باسی لە قسەیەکی هانزی فلیکی راهێنەری بارسێلۆنا کردووە کە دوای تیروپشکەکە دەڵێ، "یارییەکی قورس دەبێت".
 
ئەو رۆژنامەڤانە دووپاتیدەکاتەوە، "بێنفیکا یانەیەکی بەهێزە و دەکرێ زۆر ئازاری بارسا بدات".
 
'فاینۆرد، ئیتاڵییەکانی ترساندووە'، دەکرێ باشترین ناونیشان بێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی داهاتووی نێوان ئەو یانە هۆڵەندییە و ئینتەرمیلان لە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
 
فاینۆرد بووە سوپرایز بۆ ئیتاڵییەکان، کاتێک لە پاشکۆی قۆناخەکە، میلانی کردە دەرەوە، ئەمجارە ئینتەرمیلان ئاڵاهەڵگری تۆڵەدەبێت بۆ هەموو ئیتاڵیا.
 
برونۆ ئەلیمانی، شارەزای تۆپی پێی ئیتاڵیا دەڵێ، "بەپێی لێکدانەوەکانی من و ئامارەکان، پێموایە لە ٪35 ئەگەرەکانی بردنەوە لە بەرژەوەندی یانە هۆڵەندییەکە دەبێت و لە ٪65 بردنەوە بۆ یانە ئیتاڵییەکەیە".
 
خافێر زانێتی، جێگری سەرۆکی یانەی ئینتەرمیلان نەیشاردەوە، "بۆ فاینۆرد گەیشتن بەم قۆناخە دەستکەوتێکی گەورەیە و پێویستە رێزی لێبگیرێت، بینیمان چییان لەگەڵ ئەی سی میلان کرد".
 
بەرەی بۆرووسیا دۆرتمۆندیش نایانەوێت بەکەم تەماشای رکابەرەکەی خۆیان لە قۆناخی داهاتوودا بکەن.
 
لیل دەتوانێت ئازاری دۆرتمۆند بدات، ئەگەرچی ئەو تیپە وەرزی رابردوو یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی ئەنجامداوە. نیکۆ کۆڤاچ، ماوەیەکی کەمە مەشقدانی یانە ئەڵمانییەکەی وەرگرتووە، ئەو پێیوایە، "رووبەڕووبوونەوەی لیل سەخت دەبێت و پێویستە بەئاگاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکەین".
 
یارییەکانی چوون لە قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ رۆژانی 4 و 5ی مانگی داهاتوو ئەنجامدەدرێن و یارییەکانی گەڕانەوەش لە رۆژانی 11 و 12ی هەمان مانگ ئەنجامدەدرێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە