76 رۆژە بەبێ مووچە یاریی دەکەن

دوێنێ کاژێر 05:51
سیڤەر بێستوون
نیشانەکردن تیپی خوار 21 ساڵانی یانەی هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

تیپی خوار 21 ساڵانی یانەی هەولێر، ماوەی 76 رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە. یاریزانانی تیپەکە تەنیا لەکاتی یارییەکاندا پەیوەندی بەتیپەکەوە دەکەن و مەشقەکانیان ناکەن.
 
سەرچاوەیەکی نێو تیپی خوار 21 ساڵانی یانەی هەولێر، بە رووداوی راگەیاند "دوایینجار کە مووچەمان وەرگرت، رۆژی سێی مانگی یەکی ئەمساڵ بوو، واتە ماوەی 76 رۆژ بەر لە ئێستا دوا مووچەمان وەرگرتووە".
 
تیپی خوار 21 ساڵانی یانەی هەولێر، لە خولی عێراق یارییدەکات و ژمارەی یاریزانانی تیپەکە 25 یاریزانە.
 
ئەو سەرچاوەیە دەڵێ، "بارودۆخمان ئەوەندە خراپە، تەنانەت ناچینە مەشقەکانیش، ئەو رۆژەی یارییمان هەبێت ئینجا دەچینە یاریگە، یارییەکەمان دەکەین و تەواو". 
 
هەمان سەرچاوە، دەڵێ "یاریزانمان هەیە وای لێهاتووە زەحمەت بتوانێت بێتە یارییەکانیش، ئەنجامنەدانی مەشقەکانیش خۆی لە خۆیدا کێشەیەکی گەورەیە، چونکە خەریکە ئێمە هیچ هاوئاهەنگییەکمان لەگەڵ یەکتریدا نامێنێت".
 
هێرش عەزیز، یاریدەدەری راهێنەری یانەکە بە رووداوی راگەیاند " تیپەکەمان 25 یاریزانە، بەڵام رۆژانە تەنیا هەشت یاریزان ئامادەی مەشقەکان دەبن، ئەوە کاریگەرییەکی تەواوی کردووەتە سەر ئاستییان و تەنیا بۆ یارییەکان کۆدەبنەوە، هیوادارین دەستەی نوێی کارگێڕیی یانەکەمان بتوانێت کێشە داراییەکانی تیپەکەمان چارەسەر بکات". 
 
تیپی خوار 21 ساڵانی یانەی هەولێر، لە خولی عێراق بۆ خوار 21 ساڵان، لە پلەی سێیەمە بەکۆکردنەوەی 17 خاڵ.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە