رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو قۆناخی شازدەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا دەستپێدەکات و یارییەکانی چوونی ئەو قۆناخە بەڕێوەدەچن، لووتکەی رکابەرییەکە لە مەدریدە و هەردوو یانەی ریال مەدرید و ئاتلێتیکۆ مەدرید رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
یانەی ریال مەدرید لە دۆخێکی خراپدا میوانداری رکابەرە مێژوویی و هاوشارییەکەی دەکات و دەیەوێت بەبردنەوەی یارییەکە ئەو خراپییەی یانەکە لە لالیگادا پێیدا تێدەپەڕێت لەبیر هاندەرانی بباتەوە.
لۆس بلانکۆس لە دوایین پێنج یاریی لالیگادا تەنیا یەک بردنەوەی تۆمارکردووە و پێشەنگی ریزبەندی خولەکەی لە بەرژەوەندی یانەی بارسێلۆنا لەدەستدا، ئەمشەو دەیەوێت یاریی چوونی رکابەرییە ئەورووپییەکە بباتەوە، لەکاتێکدا سەرەتای مانگی رابردوو لە دێربیی مەدریددا بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید یەکسانبوو.
ئەوەی گۆمانی لەسەربوو، فێدریکۆ ڤالڤێردی بوو، بەڵام یاریزانەکە لە دوایین مەشقەکاندا بەشێوەیەکی ئاسایی راهێنانی کردووە و بەپێی هەموو پێکهاتە پێشبینیکراوانەی بڵاوکراونەتەوە یاریزانەکە ئەمشەو بەشێوەی سەرەکی بەشداری لە یارییەکەدا دەکات.
جود بێلینگهام بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتە زەردەکانییەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکات، دانی کارڤاخاڵ، دانی سێبایۆس و ئێدێر میلیتاو پێکانیان هەیە و ئامادەنین.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، راول ئاسێنسیۆ ئەمشەو لە پاڵ ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر، بەشێوەی سەرەکی یاری دەکات، کە ئەمە بۆ هاندەرانی یانەی شاهانە دڵخۆشکەرە، بەتایبەت کە لە یاریی بەرامبەر ریال بێتیس یاریی نەکرد و تیپەکە دۆڕا.
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید بەر لە یارییەکە دەڵێت "پێویست بە گۆڕینی شێوازی یارییکردنمان ناکات، ئامانجی سەرەکی ئێمە ئەوەیە یارییەکی باش ئەنجامبدەین."
راهێنەری ریال مەدرید بە رۆژنامەڤانانی گوت "زۆر رێز لە دیێگۆ سیمیۆنی دەگرم، ئەو لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا کارێکی گەورەی بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید کردووە و یانەکەی گەیاندووەتە بەرزترین ئاست."
یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەیەوێت درێژە بە سەرکێشییەکانی بدات و ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ بکاتە دەرەوە.
یاریزانانی تیپەکەی دیێگۆ سیمیۆنی لە باشترین کاتەکانیدا تێدەپەڕن و بەباشی خۆیان بۆ ئەنجامدانی یاریی چوونی قۆناخی شازدەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا ئامادەکردووە.
رۆخی بلانکۆس لە دوایین 10 یارییدا لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، 6 بردنەوە و 4 یەکسانبوونی هەیە و دەیەوێت لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە ئەنجامێکی باشەوە بێتە دەرەوە، بۆ ئەوەی لە یاریگەی خۆیدا هەوڵ بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو بدات.
ئاتلێتیکۆ مەدرید لەم وەرزەدا دوو دێربیی مەدریدی بەرامبەر ریال مەدرید ئەنجامداوە، لە هەردوو یارییەکەدا یەکسانبووە و ئەمڕۆ چاوی لە بردنەوەیە.
بەهۆی پێکانەوە، کۆکێی کاپتنی یانەکە بەشداری لە یارییەکەی ئەمشەودا ناکات، سیزا ئازپیلیکوێتا گەڕاوەتەوە نێو مەشقەکان و بۆ یارییکردن ئامادەیە.
دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری ئاتلێتیکۆ مەدرید لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە گوتی "ئەمە یارییەکی زۆر گرنگە بەرامبەر بە رکابەرێک کە زۆر رێزی لێدەگرین، و ئامادەین بۆ هەر شتێک کە بێت."
راهێنەری رۆخی بلانکۆس دەڵێت ""من زۆر پەرۆشم، وەک یەکەم رۆژی هاتنم بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید. ئامانجی من هەمان ئامانجی ئەو کاتەیە کە گەیشتمە ئەورووپا ئەویش بردنی یانەکەیە بۆ شوێنێکی گرنگ لە ئەوروپا."
هەردوو یانە مەدریدییەکە لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا 6 جار رووبەڕووی یەکبوونەتەوە، ریال مەدرید 4 سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئاتلێتیکۆ مەدرید 1 یاریی بردووەتەوە و لە یارییەکیشدا یەکسانبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ