مان سیتی و لیڤەرپوول خاوەنە نوێیەکەی مان یونایتدیان هەراسانکردووە

22-02-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سێر جیم راتکلیف، کە لە ماوەی رابردوودا بەشێوەیەکی فەرمی بووە خاوەنی بەشێکی پشکەکانی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، باس لە یانەکانی مانچێستەر سیتی و لیڤەرپوول دەکات و دان بەوەدا دەنێت کە پێویستە لەوانەوە فێرببن. 
 
راتکلیف بەبڕی 1.3 ملیار پاوەند بووە خاوەنی 27.7٪ـی پشکەکانی مانچێستەر یونایتد و یەکەم کاریشی بۆ یانەکە نۆژەنکردنەوەی یاریگەی ئۆڵدترافۆرد دەبێت، کە تاوەکو ئێستا 158 ملیۆن پاوەند وەبەرهێنانی تێدا کردووە و تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ پێویستی بە 79 ملیۆن پاوەندی دیکەشە.
 
لە چەند ساڵی رابردوودا، یانەکانی مانچێستەر سیتی و لیڤەرپوول باڵادەستی خۆیان بەسەر تۆپی پێی ئینگلتەرادا سەپاندووە و نازناوەکانیان بۆخۆیان قۆرخکردووە، لەوبارەیەوە راتکلیف دەڵێت "ئێمە پێویستە لە دراوسێ بێزارکەرەکەمان (مانچێستەر سیتی) و دراوسێکەی دیکەمان (لیڤەرپوول)ـەوە فێربین."
 
راتکلیف زیاتر دەڵێت "ئەوان دووژمنی ئێمەن، هیچ شتێک زیاتر دڵخۆشم ناکات لەوەی لەسەر تەختەکەیان بیانهێنمە خوارەوە، بەڵام ئەوان ماوەیەکە لە پێگەیەکی باشدان و هەندێک شت هەن کە دەتوانین لێیانەوە فێرببین."
 
ملیاردێرە بەریتانییەکە زیاتر دەڵێت "ئەوان خاوەنی رێکخراوی گەورەن کە خەڵکی زۆر باش کاری تێدا دەکەن، ژینگەیەکی لەباریان بۆ کارکردن رەخساندووە، من زۆر رێزیان لێدەگرم، بەڵام لە کۆتاییدا ئەوان دووژمنی ئێمەن."
 
مانچێستەر یونایتد بە دۆخێکی خراپدا تێپەڕدەبێت، دوایین نازناوی پرێمەرلیگی یانەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2013، لەبارەی دۆخی یانەکەیەوە راتکلیف دەڵێت "ماوەی 11 ساڵی رابردوو پڕبووە لە نەهامەتی، مانچێستەر یونایتد یەکێکە لە گەورەترین یانەکانی جیهان و پێویستە باشترین یاری ئەنجامبدات، بەڵام ماوەی 10 بۆ 11 ساڵە ئەوە ناکات."
 
دواتر راتکلیف باس لە پلانەکانی هەڵساندنەوەی مانچێستەر یونایتد دەکات و دەڵێت "هاندەرەکانمان ئارامییان لێدەبڕێت ئەگەر پلانەکە بۆ 10 ساڵی داهاتوو بێت، بەڵام پلانی ئێمە بۆ ئەوەیە لە سێ ساڵی داهاتوودا بگەڕێینەوە. بیرکردنەوەیەکی باوەڕپێکرانییە ئەگەر پێتوابێت ئێمە لە وەرزی داهاتووەوە ئەو ئاستەی مانچێستەر سیتی بەرامبەر ریال مەدرید دووبارەدەکەینەوە کە ساڵی رابردوو لە چامپیۆنزلیگ پێشکێشی کرد، هەروەها ئەگەر ئێمە خەونی ناراست بەخەڵک بفرۆشینەوە ئەوا لە کۆتاییدا بێئومێد دەبن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە