کڵۆپ بەڵێنەکەی لەبارەی بارسێلۆناوە ناباتەسەر

22-02-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی لە لێدوانێکیدا ئەو بەڵێنە ئاشكرا دەکات کە لەبارەی یارییەکەیان بەرامبەر بارسێلۆنا بە تیپەکەی دابووی و دەڵێت "ئەمڕۆ بەڵێنەکەمم شکاند."
 
لە گەڕی 26ـی پرێمەرلیگ، یانەی لیڤەرپوول لە یاریگەی ئانفیڵد میوانداری لوتن تاونی کرد، لە یارییەکدا کە رێدز بەهۆی پێکانەوە لە تواناکانی محەممەد سەڵاح، داروین نونێز و دیۆگۆ جۆتا و چەند یاریزانێکی دیکەی بێبەشبوو. 
 
لە خولەکی 12ـی یارییەکەدا یانەی میوان گۆڵێكی تۆمارکرد و گێمی یەکەم بەو تاکە گۆڵە کۆتاییهات. دواتر لە گێمی دووەمدا، رێدز بە ئاستێکی ناوازەوە گەڕایەوە، توانی چوار گۆڵ تۆماربکات و یارییەکە بە ئەنجامی 4-1 لە بەرژەوەندی خۆی کۆتایی هات. 
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکە، یۆرگن کڵۆپ ئەو یارییە بە ریمۆنتاداکەی بەرامبەر بارسێلۆنا بەراورد دەکات، کاتێک لە یاریی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگی 2019 لیڤەرپوول دوای ئەوەی یاریی چوونی بەرامبەر بارسا بە ئەنجامی 3-0 دۆڕاندبوو، لە یاریی گەڕانەوەدا توانی چوار گۆڵ تۆماربکات و ئەنجامەکە هەڵبگەڕێنێتەوە، بردنەوەکەی لیڤەرپوول بەرامبەر لوتن لە رووی گرنگییەوە بە یارییەکەی بارسا بەراورد ناکرێت، بەڵام بووە هۆی ئەوەی بە یارییەک زیاترەوە چوار خاڵ لە مانچێستەر سیتیی رکابەری دووربکەوێتەوە لە ریزبەندیی پرێمەرلیگدا.
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەی بەرامبەر لوتن تاون، کڵۆپ دەڵێت "من چەند مانگێک پێش ئێستا بەڵێنم بە تیپەکەمدا کە هەرگیز باسی یارییەکەی بارسێلۆنا نەکەم و وەکو نموونە نەیهێنمەوە، بەڵام ئەمڕۆ ئەو کارەم ئەنجامدا و بەڵێنەکەمم شکاند."
 
راهێنەرەکەی لیڤەرپوول زیاتر دەڵێت "من یارییەکەی بارسام وەک نموونە هێنایەوە، چونکە هەندێک خاڵی هاوبەشی لەگەڵ یارییەکەی ئەمشەودا هەبوو. ئێمە ئەوکات هەندێک یاریزانمان بەهۆی پێکانەوە بەشدارییان نەکرد، بەڵام تیپەکە گرنگی بەوە نەدا، بۆیە ئەمشەو ویستم هەمانکار دووبارە بکەینەوە و گرنگی بەوە نەدەین کە کێ یاری ناکات."
 
کڵۆپ زیاتر دەڵێت "ویستم ئەو یاریزانانەی ئەمڕۆ بەشدارییان لە یارییەکەدا کرد بەسەر ئەو بارودۆخەدا زاڵبن، ئەوان هەمان یارییەکەی بارسێلۆنایان بەرامبەر لوتن ئەنجامدا، کە لە هەردوو یارییەکەدا لە دۆخێکی سەختدا بووین، زۆر هۆکار هەبوو بۆ ئەوەی خۆمان بەدەستەوە بدەین، بەڵام وامان نەکرد و من ئەمشەو تیپێکم بینی کە دەجەنگان."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا راهێنەرەکەی لیڤەرپوول دەڵێت "ئەگەر بە بیرکردنەوەی خراپ خۆت سنووردار نەکەیت، دەتوانیت بفڕیت و بەرزترین ئاست پێشکێش بکەیت، ئەمەش ئەو کارەبوو کە یاریزانەکانم ئەنجامیاندا."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە