مێندی یەخەی سیتی بەرنادات

21-11-2023
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەستێرەیەکی پێشووی مانچێستەرسیتی داوای یاسایی لەسەر یانەکەی پێشووی تۆماردەکات و داوای ملیۆنان پاوەند لە یانەکە دەکات.
 
بێنیامین مێندی، ئەستێرەی فەرەنسی و یاریزانی پێشووی یانەی مانچێستەر سیتی داوای یاسایی لەسەر یانە ئینگلیزییەکە تۆمار دەکات بە تۆمەتی ئەوەی یانەکە بڕی 10 ملیۆن پاوەندی مووچەی یاریزانەکەیان نەداوە. 
 
یاریزانەکەی پێشووی سیتیزنس ساڵی 2021 بە چوار تۆمەتی دەستدرێژی و تۆمەتێکی تووندوتیژی سێکسی تۆمەتبار دەکرێت و ماوەی چوار مانگ لە زینداندا دەمێنێتەوە تاوەکو دواتر بە کەفالەت ئازاد دەکرێت، بەڵام بە مەرجی ئەوەی پاسپۆرتی لێوەربگیرێتەوە و بەهیچ شێوەیەك بۆ شاری مانچێستەر نەگەڕێتەوە.
 
لە مانگی هەشتی ساڵی 2021، مان سیتی یاریزانەکە لە یاریکردن سڕ دەکات و تاوەکو کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لە ساڵی 2023، ئەستێرە فەرەنسییەکە بەشداری هیچ یارییەکی سیتیزنسی نەکرد. 
 
لە دوای دادگایی کردنی، یاریزانەکە لە سەرجەم ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کرابوون بێتاوان دەرچوو. دواتر جارێکی دیکە بە تاوانی دەستدرێژی سێکسی تۆمەتبارکرا و دووبارە دادگایی کرا، بەڵام بەهەمان شێوەی پێشوو بێتاوان دەرچوو. 
 
بەپێی هەواڵەکان، یانە ئینگلیزییەکە لە مانگی 9ـی ساڵی 2021ـەوە تاوەکو کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لە ساڵی 2023 هیچ مووچەیەکی بە مێندی نەداوە و بەم شێوەیەش بڕی ئەو پارەیەی یاریزانەکە لای یانەکە ماویەتی بە 10 ملیۆن پاوەند دەخەملێنرێت. 
 
بێنیامین مێندی تەمەن 29 ساڵ، ساڵی 2017 بە گرێبەستێك بە بڕی 57 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی مۆناکۆوە پەیوەندی بە مانچێستەر سیتییەوە کرد و لەو کاتەکەدا بە گرانترین بەرگریکاری باڵ لە مێژوودا دادەنرا. یاریزانەکە توانی سێ نازناوی پرێمەرلیگ لەگەڵ سیتیزنس بباتەوە و دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە لە ساڵی 2023، مێندی بە گرێبەستێکی خۆڕایی پەیوەندی بە یانەی لۆریانی فەرەنسییەوە دەکات و لەم وەرزەدا بەشداری سێ یاری کردوە و بەشداری هیچ گۆڵێکی نەکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە