هۆکاری راستەقینەی ویستی گوندۆگان بۆ رۆیشتن لە بارسێلۆنا ئاشکرابوو

21-08-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئیلکای گوندۆگان بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هۆکاری راستەقینەی ئەوە ئاشکرابوو کە ئیلکای گوندۆگان بۆچی داوای جێهێشتنی یانەی بارسێلۆنا دەکات.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئەو راستییەیان ئاشکرا کردووە کە ئیلکای گوندۆگانی ئەستێرەی ئەڵمانی داوای کردووە لە ماوەی گواستنەوەی ئەم هاوینەدا ریزەکانی یانەی بارسێلۆنا بەجێبهێڵێت.
 
لەم دواییانەدا قسە و باسێکی زۆر لەسەر مانەوە یان جێهێشتنی بارسا لەلایەن گوندۆگانەوە بڵاوبووەتەوە.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە مانچێستەر سیتی دەیەوێت جارێکی دیکە ئەستێرە ئەڵمانییەکەی بگەڕێنێتەوە ریزەکانی، دوای ئەوەی هاوینی رابردوو بەبێ بەرامبەر لە تیپەکە رۆیشت.
 
ئەو سەرچاوانە لەبارەی هۆکاری ئەوەی کە گوندۆگان دەیەوێت بڕوات، دەڵێن "یاریزانەکە ویستوویەتی بڕوات دوای ئەوەی لە کۆتایی ماوەی ئامادەکارییەکاندا درکی بەوە برد کە لەم وەرزەدا لەگەڵ هانزی فلیکی راهێنەر رۆڵی لەگەڵ تیپەکەدا لاوەکی دەبێت".
 
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، یاریزانە ئەڵمانییەکە بەهیچ شێوەیەک رازی نابێت رۆڵێکی لاوەکی هەبێت، ئەو دەیەوێت بەبەردەوامی و بەسەرەکی یاری بکات، بۆیە بڕیاریداوە لە بارسێلۆنا بڕوات.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە فابریزیۆ رۆمانۆی رۆژنامەڤانی باوەڕپێکراوەوە ئاشکرایکردووە، کارگێڕیی بارسا گوشاری خستووەتە سەر گوندۆگان و داوای لێکردووە بڕوات، لەکاتێکدا یاریزانە ئەڵمانییەکە و خێزانەکەی بیریان لە جێهێشتنی قەڵای بلاوگرانا نەکردووەتەوە.
 
فابریزیۆ روونیشیکردووەتەوە، رۆیشتنی ئیلکای مووچەیەکی زۆر بۆ تیپی کەتەلۆنی دابین دەکات، ئەمەش یارمەتی تیپەکە دەدات بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لەو قەیرانە داراییەی کە یانە کەتەلۆنییەکە بەدەستییەوە دەناڵێنێت.
 
ئێوارەی دووشەممەی رابردوو، یاریزانەکەی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، وازهێنانی لە تۆپی پێی نێودەوڵەتی راگەیاند، و چیدی یاری بۆ هەڵبژاردەی مانشافتەکان ناکاتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە