رووداو - هەولێر
حەسەن ئەلزەوادی، ئەمنیداری گشتی لێژنەی باڵای پرۆژەکان و کەلتووری قەتەر، رایگەیاند گەشبینن بەوەی وڵاتەکەیان دەتوانێت بەشێوەیەکی سەرکەوتوو مۆندیالی 2022 بەڕێوەببات.
ئەو بەرپرسەی قەتەر، لە لێدوانێکدا گوتی "ساڵێکی سەرکەوتوو دەبێت بۆ ئێمە، ئێمە لە چەند رووێکەوە کاردەکەین، گەشبینم سەرجەم پرۆژەکان سەرکەوتن بەدەستدەهێنن، مۆندیالی قەتەر یەکەم پرۆژەی ساڵی 2022 دەبێت، لەو پرۆژەیەدا لە نزیکەوە لەگەڵ خەڵک ئاهەنگ دەگێڕین".
ئەو لەگەڵ ئەوەی دووپاتیکردەوە کە نە کۆرۆنا و نە هیچ شتێک رایانناگرێت، دانیشی بەوەدا نا کە ڤایرۆسەکە دوودڵییەکی لایان دروستکردووە و گوتی "راستە کۆرۆنا ئێستا کێشەی گەورەی بۆ ئێمە درووستکردووە، هیوام وایە ئەم ڤایرۆسە تێپەڕێنین، هیچ شتێک لە سەرکەوتنەکانمان نامانوەستێنێت".
هەروەها گوتیشی "نایشارمەوە کەمێک دوودڵی هەیە لەسەر مۆندیالی قەتەر، هەم لە رووی ئابوورییەوە هەم لە رووی کاریگەری بۆ سەر ئێمە، ئێمە لەسەرەتاوە گوتمان مۆندیالی 2022 زۆر لەسەرمان ناکەوێت، بەجۆرێک بێت کە هەموو کەس بتوانێت لێرە ئامادەبێت، ئەوەشمان لە کاتی یارییەکانی مۆندیالی یانەکان دووپاتکردووەتەوە".
ئەمنیداری گشتی لێژنەی باڵای پرۆژەکان و کەلتووری قەتەر، لە بەردەوامی قسەکانیدا گوتی "ئێمە لە هەموو رووێکەوە ئاسانکاریمان کردووە، لە هاندەران، لە کارکردن، لە هێڵی ئاسمانی و خزمەتگوزارییەکان، هەموو ئەمانە و چەندان شتی دیکەش قەتەر بە سەرکەتوویی ئەنجامیداوە، هەرچەندە لەلایەن چەند وڵاتێکی دراوسێمانەوە ئابڵۆقەمان لەسەرە، بەڵام ئەم کارەی ئەوان دەیکەن یاسایی نییە، جگە لەوەش من دڵنیام ئێمە سەرکەتوو دەبین و مۆندیالی 2022ـی قەتەریش سەرکەوتووانە بەڕێدەکەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ