رووداو دیجیتاڵ
ئیدین هازاردی یاریزانی یانەی ریال مەدرید، لەلایەن یانەیەکی دیکەوە داواکراوە و ئەو یانەیە دەیەوێت لە یەدەگبوون و مانەوە لەسەر کورسیی یەدەگی ریال مەدرید رزگاری بکات، بەڵام هازارد تاکە بژاردەی ئەو یانەیە نییە و بژاردەی دیکە بەر لە هازارد هەن.
هێرشبەرەکەی باڵی ریال مەدرید، ئەمساڵ لە خراپترین دۆخدایە لەگەڵ یانەکەی، بەدەگمەن نەبێت لە یارییەکانی یانەکەیدا دەرناکەوێت. لە ماوەی رابردووشدا ئاشکرایکرد لەگەڵ کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەر پێکەوە قسە ناکەن.
هاوینی رابردوو دەنگۆی زۆر هەبوون لەسەر رۆیشتنی هازارد لە ریال مەدرید، بەڵام ئەو کارە سەری نەگرت.
لە دوایین پێشهاتدا ماڵپەری 'کالچیۆ مێرکاتۆ'ی ئیتاڵی ئاشکرایکردووە، یانەی ئیتیحاد جەدەی سعودی، بڕیاریداوە دانوستاندن دەستپێبکات لەگەڵ ریال مەدرید، بۆ گواستنەوەی ئیدین هازارد.
ماڵپەرەکە ئاماژەی بەوەداوە کە ویستی یانە سعودییەکە بۆ بەدەستهێنانی یاریزانێک لە باڵی راستدا، تەنیا بەئاراستەی هازارد نییە، بەڵکو ئەو یانەیە هازاردی وەک یەدەگ و بژاردەی دووەم داناوە بۆ گواستنەوەی و لە پێش ئەو، بیر لە ریلفرێد زاهای یاریزانی کریستاڵ پاڵاس دەکاتەوە.
هازارد پێشتر لە لووتکەی ئاستی خۆیدا بوو لەگەڵ چێڵسی، بەڵام کاتێک روویکردە ریال مەدرید ئیدی پێکانەکان کێشەی زۆریان بۆ دروستکرد و بەهۆیەوە وەرز لە دوای وەرز لە پێکهاتەی سەرەکیی تیپەکە دوورخرایەوە.
هازاردی 32 ساڵ، پێشتر وازهێنانی خۆی لە یاریی نێودەوڵەتی راگەیاندووە. ئەمساڵ لەگەڵ ریال مەدرید تەنیا بەشداری لە سێ یاریی لالیگادا کردووە. هازارد لەوکاتەوەی هاتووەتە ریال مەدرید لە هاوینی 2019دا، لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا بەشداری لە 73 یاریدا کردووە و حەوت گۆڵی تۆمارکردووە و 11 ئەسیستی هەیە، چەندین نازناوی لەگەڵ یانەکەدا بەدەستهێناوە، دوو نازناوی لالیگا و نازناوێکی چامپیۆنزلیگ.
ماڵپەرە ئیتاڵییەکە دەڵێ، یانەی ئیتیحاد کە ئێستا بەجیاوازیی خاڵێک لەگەڵ نەسڕ، پێشەنگی خولی سعودیەی گرتووە، دەیەوێت لە ماوەی داهاتوودا ریزەکانی خۆی بەهێزتر بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ