رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی گیان لەدەستدانی، سەرۆککۆماری ئێرانەوە یارییەکانی خولی تۆپی پێی ئێران بۆ کاتێکی نادیار دواخران.
بڕیاربوو رۆژی سێشەممە یارییەکانی گەڕی 28ـی خولی تۆپی پێی ئێران ئەنجامبدرێن، هەشت یاری لە یەککاتدا بەڕێوەبچن، بەڵام بەهۆی گیان لەدەستدانی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتەوە خولەکە بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.
میدیای ئێران بڵاویکردەوە، بڕیاربوو ئەمڕۆ راهێنەرەکان بچنە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بۆ قسەکردن لەبارەی یارییەکانی رۆژی سێشەممە، بەڵام هیچ چالاکییەکی تایبەت بە خولی تۆپی پێی ئێران بەڕێوەناچێت و یارییەکانی ئەم گەڕەی خولەکە دوادەخرێن.
بەپێی هەواڵی وەرزش سێی ئێران، لیژنەی پێشبڕکێکانی خولی ئێران هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخەکە دەکات و بڕیار لەبارەی چارەنووسی ئەم گەڕەی خولەکەوە دەدات.
خولی تۆپی پێی ئێران لە 16 یانە پێکدێت و 30 گەڕی ئەنجامدەدرێن، تاوەکو ئێستا 27 گەڕ لە خولەکەدا کراون و یانەی ئیستقلال بە کۆکردنەوەی 60 خاڵ لە پلەی یەکەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەیە و تەنیا خاڵێک لە یانەی پێرسپۆلیسی دووەمی ریزبەندی خولەکەوە دوورە.
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لەکاتی گەڕانەوەی لە ئازەربایجان بەرەو تاران لەگەڵ شاندێکی 8 کەسی کە ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵی بوو، لە رووداوێکدا هێلیکۆپتەرەکەیان لە سنووری پارێزگای تەورێز تێکشکا و سەرجەم سەرنشینەکانی گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ