رووداو دیجیتاڵ
لە ئەگەری سەرنەکەوتنی یانەی ئەی سی میلان بۆ وەرزی داهاتووی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، ستیفانۆ پیۆلیی راهێنەری یانە ئیتاڵییەکە لە پۆستەکەی دووردەخرێتەوە.
دوای ئەوەی لە گەڕی رابردووی سێریا ئەیدا تووشی شکستبوو بەرامبەر بە یانەی ئودینێزی، بەڵام لە بەختی ئەوان یانەی رۆماش لە دێربیی رۆمادا بەرامبەر بە لازیۆ دۆڕان، بەمەش میلان بە جیاوازیی خاڵێک لە پلەی چوارەم مایەوە، ئەمەش ئەو پلەیەیە یانە سوور و رەشەکە دەگەیێنێتە خولی یانە پاڵەوانەکان، بەڵام هەڕەشەی زۆری لەسەرە.
ئەمڕۆ رۆژنامەکانی ئیتاڵیا بابەتێکیان لەسەر داهاتووی ستیفانۆ پیۆلی، راهێنەری یانەی میلان بڵآوکردووەتەوە و ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەگەر میلان نەگاتە خولی یانە پاڵەوانەکانی وەرزی داهاتوو، پیۆلی لە کارەکەی دووردەخرێتەوە.
گازێتا دێلۆ سپۆرت دەڵێت: کارگێڕیی میلان بەوەشەوە ناوەستێت، بەڵکو پاوڵۆ ماڵدینی، کە بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکەیە لەگەڵ ماسارای یاریدەدەری لە کارەکەکانیان دووردەخرێنەوە.
بەڵام ئەگەرهات و یانەی میلان لە ناپۆلی بباتەوە و بگاتە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، پێدەچێت کارگێڕیی میلان بە سەرکردایەتیی جێری کادرینالی خاوەنی زۆرترین پشکی یانەکە بیر لە هێشتنەوەی پیۆلی بکاتەوە.
یانەی میلان لەلایەن کۆمپانیای رێد بیردی ئەمریکییەوە کڕآیەوە، کە خاوەنەکەی پێشتر چەند یانەیەکی لە ئەمریکا هەبووە، بەڵام تاوەکو ئێستا سوێنپەنجەی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا نەبووە و گرێبەستی گەورەی نەکردووە.
میلان لە 27 یاریی ئەم وەرزەدا خاوەنی 47 خاڵە و پلەی چوارەمی بەدەستەوەیە، دوو خاڵ لەدوای ئینتەری سێیەمەوەیە و یەک خاڵیش لەپێش رۆمای چوارەمەوەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ