"ریال مەدرید لە گرێبەستکردن لەگەڵ ئێمباپی پەشیمانە"

19-10-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی ریال مەدرید کیلیان ئێمباپێ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هەندێک سەرچاوەی رۆژنامەڤانیی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، پەشیمانە لە گرێبەستکردن لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ، کاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا.
 
ئەو سەرچاوانە گوتوویانە، پەشیمانبوونەوەکە چەندین هۆکاری هەیە، بەڵام کاریگەرترینیان ئەگەری تێوەگلانی ئەو ئەستێرەیەیە لە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر ئافرەتێک لە سوێد لە هەفتەی رابردوودا.
 
هەفتەی پێشوو، کیلیان ئێمباپێ کە لە لیستی هەڵبژاردەی فەرەنسا لە گەڕی ئەمجارەی یارییەکانی نەیشنسلیگ دوورخرابووەوە، لە سوێد بینرا، سەرچاوەکان گوتیان لەو هوتێلەی کیلیانی لێماوەتەوە، ئافرەتێک سکاڵای تۆمارکردووە لەسەرئەوەی دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەر. هەندێک سەرچاوە دەڵێن دەستدرێژیکارەکە ئێمباپێ بووە.
 
رۆمان مۆلینا، کە رۆژنامەڤانێکی ئیسپانییە، گوتوویەتی بەدڵنیاییەوە رایدەگەیەنم کە یانەی ریال مەدرید لە هێنانی ئێمباپێ پەشیمانە.
 
ئەو دەڵێ، کارەکە بەو شێوەیە دەرنەچوو کە ریال مەدرید پێشبینی دەکرد. بەتایبەت کە هێنانی ئەو یاریزانە تەنیا ویستی فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدرید بووە.
 
ئەو رۆژنامەڤانە دەڵێ، رووینەداوە یاریزانێک لە تەمەنی 25 ساڵیدا بەو شێوەیە توانای جەستەیی لەناکاو داببەزێت.
 
مۆلینا هەروەها دەڵێ، "پێرێز هەموو کات حەز بە یاریزانە گەورەکان دەکات، پەیوەندییەکی باوکانەی لەگەڵ ئێمباپێ هەیە، بەڵام یانەکە هەمووان لە دۆخەکە نیگەرانن، یەکەمیان بەهۆی ئاستی ئەو یاریزانەوە، کە ئەو ئاستەی پێشکێشنەکردووە کە پێشبینی دەکرا لێی. هەروەها لە ژووری جلگۆڕیندا وەک پێویست نییە، ئەگەرچی ئەوەیان خەتای کیلیان نییە".
 
رۆژنامەڤانەکە روونیکردووتەوە کە بەشێکی هەڵەکە پەیوەندی بەئامادەنەبوونی جەستەیی ئێمباپێوە هەیە بۆ سەرەتاکانی دەرکەوتنی لەگەڵ ریال مەدرید و دەستبەجێ یاریکردنی.
 
ئێمباپێ هاوینی ئەمساڵ بەبێبەرامبەر پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کرد، پاشئەوەی ئامادەنەبوو گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمانی فەرەنسی نوێبکاتەوە.
 
لەگەڵ ریال مەدرید تاوەکو ئێستا حەوت گۆڵی بۆ ریال مەدرید لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان تۆمارکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە