کێ دەگاتە لای ریال و میلان..

19-04-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ ریال مەدرید یانەی ریال مەدرید یانەی میلان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هەردوو یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و میلانی ئیتاڵی، گەیشتنە قۆناخی چوارگۆشەی زێڕینی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ. ریال مەدرید جارێکی دیکە لە چێڵسی بردەوە و میلانیش لەگەڵ ناپۆلی یەکسانبوو.
 
ئەمشەو دوو یاریی دیکەی قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە ئەنجامدەدرێت و رووندەبێتەوە ریال مەدرید و میلان لە قۆناخی داهاتوودا بەرامبەر کێ یاریدەکەن.
 
یانەی ریال مەدرید، کە هەڵگری نازناوی وەرزی پێشووی پاڵەوانێتییەکەیە، لە یاریگەی ستامفۆرد بریج لە لەندەنی پایتەختی ئینگلتەرا بووە میوانی یانەی چێڵسی و هاوشێوەی یاری چوونی نێوانیان، جارێکی دیکە سەرکەوتنی بەسەر چێڵسیدا بەدەستهێنایەوە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر.
 
گۆڵەکانی ریال مەدرید لە یارییەکەدا لەلایەن رۆدریگۆی بەرازیلییەوە لە خولەکەکانی 58 و 80دا تۆمارکران.. ئەمە یانزەیەمین جارە لە ماوەی سیانزە ساڵی رابردوودا ریال مەدرید دەگاتە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ.
 
لە دوای یارییەکە، خەڵاتی باشترین یاریزان درایە فیدریکۆ ڤاڵڤێردی، رۆدریگۆ گوتی ئەو خەڵاتە شایستەی من بوو، بەڵام خۆشەویستی و رێزی زۆرم بۆ ڤاڵڤێردی هەیە.
 
ریال مەدرید لە یاریی چوونی چوارگۆشەی زێڕینی چامپیۆنزلیگدا لە تواناکانی ئیدێر میلیتاو بێبەش دەبێت، بەهۆی وەرگرتنی دوو کارتی زەردەوە.
 
لە یارییەکی دیکەدا، یانەی میلانی ئیتاڵی لە دوای ساڵی 2007ەوە بۆ یەکەمجار گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، پاشئەوەی لەگەڵ یانەی ناپۆلی ئیتاڵیدا بەگۆڵێک یەکسانبوو.
 
میلان سوودی لە بردنەوەی یاریی پێشووی بەرامبەر ناپۆلی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر وەرگرت و ئەو یانەیە کە پێشتر حەوت جار نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بەدەستهێناوە، بوونی یانەیەکی ئیتاڵی لە قۆناخی چوارگۆشەی زیڕینی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵدا مسۆگەرکرد و ئەگەر زۆرە یانەیەکی ئیتاڵی لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ بێت، بەهۆی نزیکیی سەرکەوتنی ئینتەرمیلان بۆ چوارگۆشەی زێڕین.
 
تاکە گۆڵی میلان لە یارییەکەدا لە رێگەی ئۆلیڤی ژیرۆی هێرشبەری فەرەنسییەوە لە خولەکی 43ی یارییەکەدا تۆمارکرا.. گەرچی ناپۆلی لە خولەکی نەوەتی یارییەکەدا گۆڵی یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەی لە رێگەی ڤیکتۆر ئۆسیمینەوە تۆمارکرد، بەڵام ئەوە نەیتوانی یانەکە بگەیەنێتە پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
 
میلان و ناپۆلی لە یارییەکەی نێوانیاندا هەر یەکەیان لێدانێکی سزایان لەدەستدا، ژیرۆ لە خولەکی 21ی یارییەکەدا لێدانی سزای میلانی لەدەستدا و خڤیشا کڤاراتێسخیلیاش لە خولەکی 81 لێدانێکی سزای ناپۆلی جێبەجێکرد، بەڵام گۆڵی تۆمارنەکرد.
 
ئەمشەو یارییەکانی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ درێژەیان دەبێت، ئینتەرمیلانی ئیتاڵی لە یاریگەی خۆیدا میوانداری بێنفیکای پۆرتوگالی دەکات، یاری یەکەمی نێوانیان بەسەرکەوتنی ئینتەرمیلان بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر کۆتایی هاتووە.
 
لە یارییەکەی دیکەدا بایرن میونشنی ئەڵمانی کە یاری یەکەمی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر دۆڕاندووە، میوانداری مانچێستەر سیتی ئینگلیزی دەکات.
 
بەپێی ئەنجامی یارییەکانی چوون، مانچێستەر سیتی و ئینتەرمیلان نزیکن بۆ پەڕینەوە بەرەو چوارگۆشەی زێڕینی چامپیۆنزلیگ و ئەگەر ئەوە رووبدات، لە قۆناخی داهاتوودا، مانچێستەر سیتی بەرامبەر ریال مەدرید یاریدەکات و ئینتەرمیلانیش رووبەڕووی میلان دەبێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە