ڤیدیۆ؛ شەوە گەورەکەی چامپیۆنزلیگ.. بێرنابیۆ دەبێتەوە جێگەی ژووانێکی دیکەی نێوان ریال و مان سیتی

19-02-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
ریال مەدرید - مانچێستەر سیتی 23:00
ریال مەدرید - مانچێستەر سیتی 23:00
نیشانەکردن ریال مەدرید مانچێستەر سیتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەبێتەوە جێگەی ژووانێکی دیکە بۆ هاندەرانی ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ، بەڵام ئەمجارە تیپەکە لە دۆخێکدایە کە پێشتر بەخۆیەوە نەبینیووە، دەرکەوتن لە پاشکۆی گەیشتن بەقۆناخی شانزەی پاڵەوانێتییەکە.
 
ریال مەدرید ژمارەیەک یاریزانی کاریگەری بۆ رووبەڕووبوونەوە قورسەکەی مانچێستەر سیتی بەدەستهێناوەتەوە، بەڵام هێشتا دڵنیایی لە پێکهاتەی یانەکە بۆ یارییەکە نەدراوە و روون نییە هێڵی پشتەوە تیپەکە چۆن رووبەڕووی سیتی دەبێتەوە.
 
لە دوایین مەشقەکانی یانەکەدا، خۆشی و ئارامی بەسەر یاریزانانی یانەکەدا زاڵبوو. ریال مەدرید بەوە پشتقایمە کە لە یاریگەی ئیتیحاد سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بەڵام هەواڵی زاڵ بەسەر تیپەکەدا، هێشتا هەر ئەو کارتە سوورەیە کە لە لالیگا بە جود بێلینگهام دراو و مشتومڕێکی زۆری دروستکرد، کارتەکەش بووەتە بۆنەیەک تاوەکو یاریزانەکانی ریال مەدرید، جارێکی دیکە لە پشتی ئەستێرەکەیان بوەستنەوە.
 
فیدریکۆ ڤاڵڤێردی، یاریزانی یانەی ریال مەدرید، گوتی "لەبارەی ئەوەوە کە بەسەر جوددا هات لە یاریی رابردووماندا، من دەمەوێت ئەو هەر بەهەمان شێوە یاریی بکات، ئەو کەسایەتیی خۆی سەلماندووە و هەموو کات بردنەوەی دەوێت و دەجەنگێت. راستە ئەو کارتی سووری پێدرا، بەڵام من دڵخۆشم بەو ئاستەی ئەو لە یاریگەدا پێشانی دەدات، هەروەها بەئازایەتییەکەی، ئێمە هەموومان پشتگیری دەکەین بۆ ئەوەی بەسەریدا هات و دەبێ یەکگرتوو و یەکدەست بین بەرامبەر ئەوەی روویدا".
 
مانچێستەر سیتیش ئامادەیی بۆ بەرکەوتنەوەیەکی دیکە لەگەڵ ریال مەدرید دووپاتکردووەتەوە. تیپەکە لە دوایین مەشقەکانیدا بەر لە گەیشتنە مەدرید، ژمارەیەک یاریزانی گرنگی وەک جاک گریلیش و ناسان ئاکێی بۆ گەڕانەوە و هەمووان ئامانجیان هەڵگێڕانەوەی ئەو ئەنجامەیە کە لە یاریی پێشوودا دووچاری بوون.
 

ریال مەدرید یاریی چوونی بردووەتەوە

سیتی وەرزێکی نموونەیی نییە و کوالیتی و توانایەکی زۆری لەدەستداوە. ئەو تیپە لەپێناو هەڵسانەوە لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان دەجەنگێت و خۆی بەرپرسی یەکەمە لەو چارەنووسەی ئەمساڵ بەسەریدا هاتووە.
 
بێرناردۆ سیلڤا، یاریزانی یانەی مانچێستەر سیتی، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا، گوتی "ئەگەر لەسەرەتای وەرزدا بیانگوتایە ئەمڕۆ ئێوە لەو شوێنە دەبن لە ریزبەندی پرێمەرلیگ، بێگومان باوەڕم پێنەدەکردن. ئێمە رووبەڕووی ریال مەدرید دەبینەوە لە پاشکۆی گەیشتن بەقۆناخی شانزە، لەبری ئەوەی لە قۆناخێکی وەک چارەک یان نیوەی کۆتاییدا رووبەڕوویان ببینەوە. راستییەکە ئەوەیە کە ئێمە خۆمان، خۆمان خستە نێو ئەم دۆخەوە، لەبەرئەوە بەجۆرێک لە جۆرەکان شایستەی ئەو دۆخە ئاڵۆزەین کە تێیداین و دەبێ لە پاشکۆ یاریی بکەین".
 
سانتیاگۆ بۆ ریال مەدرید دەبێتە پاڵنەر و هاندەرێکی گەورە و بۆ سیتیش ئەو شوێنەیە هەرگیز حەز بەسەردانی ناکات، بەڵام تاوەکو کۆتاییهاتنی یارییەکە، دەکرێ هەموو دیمەنێک لە یاریگەکەدا هەڵبگەڕێتەوە و دڵخۆش خەمبار و خەمبار ببێتە خاوەن دڵخۆشییەکی گەورە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە