هازارد دان بە زۆرخۆرییەکەیدا دەنێت

19-02-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئێدن هازارد، ئەستێرەی پێشووی یانەکانی چێڵسی و ریال مەدرید دان بەوەدا دەنێت کە لە پشووەکاندا زیادەڕۆیی کردووە و کێشی زیادکردووە، بەڵام لەو کارەی پەشیمان نییە و دەڵێت من شایەنی ئەوەبووم چێژ لە پشووەکانم وەربگرم. 
 
هازارد لە ساڵی 2012 پەیوەندی بە یانەی چێڵسییەوە دەکات، لەگەڵ ئەو یانەدا ئاستێکی نایاب پێشکێش دەکات و زۆر لە هاندەرانی تۆپی پێ ئەستێرە بەلجیکییەکە لە ریزی باشترین یاریزانەکانی مێژووی پرێمەرلیگ دادەنێن، لە ساڵی 2019، هازارد بەبڕی 115 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە دەکات وەک خۆی دەڵێت، خەونەکەی بەدیهێنا، بەڵام پێکانە یەک لە دوای یەکەکان خۆری هازاردی ئاواکرد و نەیتوانی لە بێرنابیۆ خۆی بدۆزێتەوە.
 
هازارد زۆرجار رەخنەی لەبارەی کێشی جەستەیەوە لێدەگیرا، بەتایبەتی دوای ئەوەی پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کرد و بەهۆی پێکان و کێشە جەستەییەکانەوە لە ماوەی چوار ساڵدا تەنیا 76 یاری لەگەڵ ئەو یانەدا ئەنجامدا، هازارد لەبارەی زیادبوونی کێشی جەستەیەوە دەڵێت "هەموو هاوینێک بڕی چوار بۆ پێنج کیلۆ لە کێشم زیادی دەکرد، چونکە پێموایە کاتێک تۆ لە ساڵێکدا بۆ ماوەی 10 مانگ زۆرترین هەوڵ دەدەیت بۆ ئەوەی جەستەت لە باشترین دۆخدا بێت و لە کاتی یاریکردندا شەقت پێدەکەوێت، شایەنی ئەوەیت کە چێژ لە پشووەکانت وەرگریت، بۆیە لەو کاتەدا داوای هیچ شتێکم لێ مەکەن."
 
ئەستێرەکەی پێشووی چێڵسی زیاتر دەڵێت "من لەو کاتانەدا لەگەڵ خێزانەکەمدا چێژ وەردەگرم و دەچمە کەنار دەریا، بۆیە لەو سێ بۆ چوار هەفتەیەدا داوام لێ مەکە رابکەم. دەتوانم لەگەڵ منداڵەکانمدا لە کەنار دەریا تۆپی پێ بکەم، بەڵام داوای راکردنم لێ مەکە."
 
ئیدن زیاتر دەڵێت "بەڵام کاتێک سەیری کاروانی وەرزشیم دەکەیت، مانگی یەکەمی وەرزەکە دەمگوت ئەوە تەنیا سەرەتایە، دواتر لە ئەیلوول و تشرینی یەکەمدا باشترین ئاستم پێشكێش دەکرد، چونکە پێویستم بە کات هەبوو تاوەکو بۆ ئەوەی لە رووی دەروونی و جەستەییەوە ئامادەبم، بۆیە بەڵێ راستە من لە دوای پشووەکان پێنج کیلۆم زیاد دەکرد، وەک هاوڵاتییەکی بەلجیکی ئێمە زۆر حەزمان لە بیرەیە، چونکە وڵاتەکەمان خاوەنی باشترین بیرەیە لە جیهاندا، بۆیە هەندێکجار دوای یارییەکی باش، یەک بۆ دوو بیرەم دەخواردەوە."
 
سەرەڕای ئەوەی ناوی بە چەندین یانەی جیاوازەوە بەسترابووەوە، هازارد دوای چوار وەرز لەگەڵ ریال مەدرید، لە تەمەنی 32 ساڵی لە مانگی تشرینی یەکەمی 2023 وازهێنانی یەکجارەکی لە تۆپی پێ راگەیاند.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە