ئێمباپێ دەچێتە ریال مەدرید

19-02-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی و یاریزانی یانەی پاریس سانجێرمان، لە کۆتایی ئەم وەرزەدا یانەکەی بەجێدەهێڵێت و پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە دەکات.
 
ماوەی چەندین ساڵە بابەتی پەیوەندیکردنی کیلیان بە ریال مەدریدەوە میدیاکانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە، بەپێی هەواڵەکان، ساڵی 2022 یانەی ریال مەدرید گرێبەستێکی پێشکێش بە ئەستێرە فەرەنسییەکە کرد، بەڵام ئەو رەتی کردەوە و گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان نوێکردەوە. 
 
بەپێی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، لە کۆتایی ئەم وەرزەدا، ئێمباپێ گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە پاریسییەکە کۆتایی دێت و پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە دەکات، یاریزانەکە بە سانجێرمانی راگەیاندووە کە بەهیچ شێوەیەک خۆیان ماندوو نەکەن و گرێبەستی نوێی پێشکێش نەکەن، چونکە وەک رۆژنامە ئیسپانییەکە ئاماژەی پێکردووە، کیلیان بڕیاری کۆتایی داوە و دوو هەفتە لەمەوبەر گرێبەستەکەی ریال مەدریدی واژۆکردووە کە بۆ ماوەی پێنج وەرزە، مووچەکەشی لە نێوان 15 بۆ 20 ملیۆن یۆرۆ دەبێت و بەمەش دەبێتە خاوەنی بەرزترین مووچە لەنێو یاریزانانی یانە ئیسپانییەکەدا. 
 
ئێمباپێ لە ساڵی 2018 لە یانەی مۆناکۆوە بەبڕی 180 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە پاریس سانجێرمانەوە کرد، لەگەڵ یانە پاریسییەکەدا لە 291 یاریدا بەشداری لە 349 گۆڵدا کردووە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە