فابریگاس: دی برۆین وەک کوڕێکی بچووک وایە کە پێڵاوی تازەی کڕیبێت

19-01-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سێسک فابریگاس، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەکانی ئارسیناڵ و بارسێلۆنا، ستایشی کێڤن دی برۆینی ئەستێرەی یانەی مانچێستەر سیتی دەکات و باس لە داهاتووی ئەو یاریزانە دەکات کاتێک پیر دەبێت و توانای جەستەیی وەک ئێستا نامێنێت. 
 
دی برۆینی بەلجیکی بە یەکێک لە باشترین ناوەڕاستکارەکانی جیهان دادەنرێت، هەر لەگەڵ بەشداریکردنی لە یەکەم یاری ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ، تووشی پێکانێکی قورس بوو و بۆ ماوەی زیاتر لە چوار مانگ دوورکەوتەوە. 
 
دوای چاکبوونەوە لە پێکانەکەی و لە یەکەم دەرکەوتنەوەی لە پرێمەرلیگ، کێڤن لە گێمی دووەمی یارییەکەی بەرامبەر نیوکاسڵ هاتە نێو یاریگە و توانی گۆڵێک و ئاسیستێکی نایاب بکات و سێ خاڵی زێڕینی بۆ یانەکەی بەدەستهێنا، فابریگاس لەو بارەیەوە دەڵێت "کێڤن ئێستا وەک کوڕێکی بچووک وایە کە پێڵاوی تازەی کڕیبێت."
 
ئەستێرەکەی پێشووی ئیسپانیا زیاتر دەڵێت "ئەو بەپەرۆشە و زیندووە. بۆ ماوەی 20 خولەک لە یارییەکەی نیوکاسڵ بەشداری کرد و زۆر بەبرسێتییەوە گەڕایەوە. بەهۆی ئەوەی لە یانەیەکی زۆر باش یاریدەکات، هیچ گوشارێکی لەسەر درووستنابێت و دەتوانێت هەنگاو بە هەنگاو بگەڕێتەوە."
 
دواتر فابریگاس باس لە داهاتوو دەکات کاتێک دی برۆین تەمەنی بەرەو سەرەوە دەچێت و چیدیکە ئەو توانا جەستەییەی ئێستای نامێنێت، ئەو دەڵێت "دەزانم کە کێڤن زۆر سوود لە توانا جەستەییەکەی وەردەگرێت، ئەو تۆپ وەردەگرێت، دەست بە راکردن دەکات و شووتێکی بە‌‌هێز لێدەدات، بەڵام دی برۆین یەکێکە لەو یاریزانانەی دەتوانێت خۆی لەگەڵ گەورەبوونی تەمەنیدا بگونجێنێت کاتێک توانای جەستەیی و خێرایی کەم دەبێتەوە، چونکە ئەو دەتوانێت لە (چەق)ـی ناوەڕاست یاری بکات، لە تەنیشت رۆدری  بۆ نموونە. ئیدی لەوێ دەتوانێت بەردەوامبێت، چونکە ئەوە ئەو کارەیە کە یاریزانە تایبەت و بلیمەتەکان ئەنجامی دەدەن کاتێک تەمەنیان بەرەوسەرەوە دەچێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە