مێسی بەتووندی سزا دەدرێت

18-11-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئاندرسۆن دارۆنکۆ لیۆنێل مێسی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لیۆنێل مێسی، ئەفسانەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین رووبەڕووی کێشە دەبێتەوە، دوای ئەوەی لە دوایین یاریی هەڵبژاردەی تانگۆ لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 هێرشی کردە سەر ناوبژیوانی بەرازیلی ئاندرسۆن دارۆنکۆ و قسەی ناشیرینی پێگوت.
 
لە یارییەکانی گەڕی 11ـی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ مۆندیالی 2026 هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە یاریگای دیفێنسۆریس دێل چاکۆ بەئەنجامی 1-2 بە پاراگوای دۆڕا.
 
دیارترین ساتەکانی یارییەکە کاتێک بوو کە مێسی لە نیوەی یەکەمدا لە ناوبژیوان ئاندرسۆن دارۆنکۆ تووڕە بوو، ناڕەزایی دەربڕی بەرامبەر بە نەدانی کارتی زەردی دووەم بە عومەر ئەلدێریتی بەرگریکاری پاراگوای دوای ئەوەی زۆر بەهێز لێیدا و لیۆنێل  پەنجەی لێ راوەشاند و پێیگوت "تۆ ترسنۆکی، گەمژەی، تۆم بەدڵ نییە". تەنانەت لە کاتی جێهێشتنی یاریگاشدا بەردەوام بوو لە هاوارکردن.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، تووڕەیی مێسی لەوانەیە ببێتە هۆکاری سزادانی، بەو پێیەی لە رێساکانی فیفادا هاتووە، ئەگەر دەرکەوت یاریزان ئاماژەی خراپ یان زمانی زبر بەرامبەر ناوبژیوان بەکاربهینێت، رێوشوێنی دیسپلینی لەبەرامبەر دەگیرێتەبەر.
 
بەگوێرەی هەمان یاسا، مێسی ئەگەری هەیە بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی 4 یاری سڕبکرێت، یان سزایەکی درێژتر، ئەگەر بە سووکایەتیکردن بە ناوبژیوان تۆمەتبارکرا.
 
لە یاساکەی فیفادا هاتووە "ئەگەر یاریزانێک بە سووکایەتیکردن بە ناوبژیوان تاوانبار کرا، دەبێت بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی 4 یاری یان ماوەیەکی گونجاو بە هەڵسوکەتە ناوەرزشییەکەی سزا بدرێت، و ئەگەر یاریزانەکە بە ترساندن یان هەڕەشەکردن لە ناوبژیوان تۆمەتبار بکرێت 10 یاری یان زیاتر سڕدەکرێت بەپێی هەڵسوکەوتی یاریزانەکە".
 
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین یاریی داهاتوو لە یاریگای خۆی بەرامبەر پێرو ئەنجام دەدات و چاوەڕێی رووبەڕووبوونەوەی ئاگرین دەکات لە مانگی ئاداری ساڵی داهاتوودا، کاتێک لە دەرەوەی یاریگاکەی بەرامبەر ئۆرۆگوای یاری دەکات، پێش ئەوەی چەند رۆژێک دواتر میوانداریی بەرازیل بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە