چەند پەیامێکی چاوەڕواننەکراو لە جۆرجیناوە لەبارەی رۆناڵدۆ

دوێنێ کاژێر 02:47
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ جۆرجینا رۆدریگێز
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جۆرجینا رۆدریگێز، خۆشەویستی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و دایکی منداڵەکانی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە باس لە چەند وردەکارییەکی تایبەت بە ژیانی کریستیانۆ دەکات.
 
جۆرجینا لە دۆکیۆمێنتارییەکینوێدا لە سەرەتای قسەکانیدا گوتی "کاتێک کریستیانۆ پێیگوتم دەمەوێت لە یانەی نەسڕ یاری بکەم، زۆر هەستم بە ئاسوودەیی کرد، چونکە دەمانویست لە مانچێستەر بڕۆین، من ئاگاداری ئەو کارە گەورەیە بووم کە لە سعودیە لە چاوەڕوانی ئێمەدا دەکرا، زۆر بەپەرۆش بووین و هەستم بە خۆشییەکی زۆر کرد بۆ چوون بۆ سعودیە. هەستم بە دڵخۆشییەکی زۆر کرد، بە پێشوازی گەورەی هاندەرانی یانەی نەسڕ و هەمووان کاتێک چووینە ئەو وڵاتە و لە ریاز هەست بە ژیانێکی ئاسوودە و چێژبەخش دەکەین و رۆناڵدۆ لەگەڵ یانەی نەسڕ دڵخۆشە و پەیوەندییەکی زۆرباشی لەگەڵ هەموو یاریزانەکان هەیە."
 
جۆرجینا زیاتر گوتی "رۆناڵدۆ هەموو رۆژێک بەر لە چوونی بۆ مەشقەکان قاوە دەخواتەوە، من رۆژەکانم لەگەڵ کریستیانۆ زۆر بەخۆشی بەسەردەبەم، زۆر دڵخۆشم بەوەی منداڵەکانم دەبینم شانازی بە باوکیانەوە دەکەن."
 
دایکی منداڵەکانی کریستیانۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "منداڵەکان زۆر پێیانخۆشە بچنە یاریگەی یانەی نەسڕ، لە دوای هەموو یارییەک داوام لێدەکەن لەگەڵیان بچمە نێو یاریگە، کاتێک کریستیانۆ جونیۆر و ماتیۆش گەورە دەبن بە دووری نابینم یاری بۆ یانەی نەسڕ بکەن، منداڵەکانم هەموو رۆژێک باوکیان دەبینن کە چەند هەوڵدەدات و کاتەکەی بۆ پیشەکەی تەرخان دەکات، خۆشە کە ئەوان شانازی بە باوکیانەوە دەکەن و ئەمەش هەستێکی زۆرخۆشە."

 
جۆرجی باس لە هەندێک وردەکاری ژیانی تایبەتیان دەکات و دەڵێت "هەندێکجار بە کریستیانۆ دەڵێم، ئێستا هەموو شتێکت هەیە و با هەندێک چێژ لە ژیان وەربگرین، بەڵام ئەو پێمدەڵێت دەزانم، بەڵام تۆ هەموو شتێکیت و تۆپی پێ خولیای منە، بۆیە سەرسوڕهێنەرە کە تاوەکو ئەمڕۆش کریستیانۆ هێشتا بەو شێوەیە یاری دەکات کە رۆژی یەکەم بینیم، ئەو ئێستاش بە جۆش و خرۆشەوە تۆپی پێ دەکات."
 
جۆرجینا لەبارەی ئەوەی کەی کریستیانۆ واز لە یارییکردن دەهێنێت؟ دەڵێت "کاتێک پرسیاری ئەوەم لێدەکەن کریستیانۆ کەی وازدەهێنێت، پێیاندەڵێم پێموانییە بەر لە تەمەنی 50 ساڵی ئەو کارە بکات، ئەو ئێستا نموونەی باڵایە بۆ زۆر یاریزان و ماڵباتەکەمان شانازیی پێوە دەکات."
 
لەبارەی دوایین ساتەکانی لە ریال مەدرید و یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، جۆرجینا گوتی "ئەو رۆژەم لەبیرە کە بۆ دوایینجار لە یاریگەی بێرنابیۆ دەرکەوت، رۆژێکی پڕ هەست بوو، کریستیانۆ هەم دڵخۆشبوو و هەمیش دڵتەنگ، دڵخۆشبوو بەوەی نازناوی زۆری بەدەستهێنابوو و دڵتەنگ بوو بەوەی لە یانەکە دەڕۆیشت."

 
هاوبەشی ژیانی کریس زیاتر دەڵیت "هەمیشە دروشم بە ناوی رۆناڵدۆوە دەگوترێت، کریستیانۆ چێژ لەوە وەردەگرێت و وەکو خۆشەویستی سەیری دەکات، کاتێک بۆ دوایینجار لە بێرنابیۆ ئەوە بۆ رۆناڵدۆ کرا دڵتەنگ بوو، بەڵام دەزانین بۆ هەر شوێنێک بچین، هاندەران بەردەوامدەبن لە هاندانی و ناوی ئەو دەڵێنەوە، وەکو ئێستا کە لە هەموو شوێنێک ئەوە دەکرێت."
 
جۆرجینا باس لە کریستیانۆ جۆنیۆر دەکات و دەڵێت "ئەو بەردەوام مەشق دەکات، لەگەڵ یانەکە و لە ماڵەوەش لەگەڵ کریستیانۆ، رۆناڵدۆ بەردەوام پاڵپشتیی دەکات و هانی دەدات بۆ ئەوەی ببێتە یاریزان، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام لەبارەی هەموو لایەنەکانی ژیانەوە رێنوێنی دەداتە جونیۆر و رۆژانە چاودێری هەموو منداڵەکانی دەکات و دەیەوێت لە منداڵییەوە فێری کارامەیی جیاواز ببن و جونیۆر زۆر بەختەوەرە کە کریستیانۆ باوکییەتی و بەردەوام رێنوێنی پێدەدات."
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە