رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ و جۆرجینا رۆدریگێز، بۆ یەکەمجار دێنە عێراق و رووداو وردەکاری هاتنەکەیان ئاشکرا دەکات.
رۆژی یەکشەممە شاندی یانەی نەسڕی سعودی، بەسەرکردایەتیی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ یەکەمجار دێتە عێراق و رۆژی دووشەممە لە رکابەرییەکانی خولی بژاردەی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا رووبەڕووی یانەی شورتە دەبێتەوە.
یارییەکە لە یاریگەی مەدینە لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، نرخی بلیتی یارییەکە تاوەکو 50 هەزار دینار دەڕوات و چاوەڕواندەکرێت هەزاران هاندەر لە یارییەکەدا ئامادەبن.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، شاندی یانە سعودییەکە لە 106 کەس پێکهاتووە، لەنێویاندا جگە لە یاریزانەکان، ماڵباتی بەشێکی یاریزانەکانیش ئامادەدەبن، لەوانەش جۆرجینا رۆدریگێز، خۆشەویستی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و دایکی منداڵەکانی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە، ئەمە لەکاتێکدایە کە هێشتا جۆرجینا و یانەی نەسڕیش هیچ شتێکیان لەو بارەیەوە بڵاو نەکردووەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ڤیزایان بۆ جۆرجینا رۆدریگێز دەرهێناوە و ئەویش لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ سەردانی بەغدا دەکات."
ئەمە جاری دووەمە رۆناڵدۆ بەرامبەر شورتە یاری دەکات، ساڵی رابردوودا لە سعودیە لە جامی شا سەلماندا رووبەڕووی یەکبوونەوە، نەسڕ بە گۆڵێکی کریستیانۆ رۆناڵدۆ سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
رۆناڵدۆ لە بەغدا لە کوێ دەمێنێتەوە؟
بەپێی بەدواداچوونی دێسکی وەرزشی وەرزشی، یانەی نەسڕی سعودی، بەسەرکردایەتیی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە بەغدا، لە هۆتێل رەشید دەمێننەوە.
هۆتێلەکە لە ناوچەی سەوزە، یەکێکە لە گەورەترین و بەنێوبانگترین هۆتێلەکان، لە 70کانی سەددەی 20 دروستکراوە، هۆتێلەکە 18 نهۆمە، هۆڵی گەورەی کۆبوونەوە، باخچەی گەورە، مەلەوانگە، هۆڵی لەشجوانی و چەندین تایبەتمەندی دیکەی سەرنجڕاکێشی تێدایە و شوێنی کۆبوونەوەی هەموو ئەو کەسایەتییە بەنێوبانگانەیە کە دەچنە عێراق.
مانەوە لە هۆتێلەکەدا بۆ یەک شەو نرخەکەی لە 350دۆلارەوە دەستپێدەکات. هۆتێلەکە 9.7 کیلۆمەتر لە یاریگەی مەدینە دوورە و 15 بۆ 20 خولەک یانەی نەسڕ دەگاتە یاریگە.
یانەی نەسڕی سعودی رۆژی یەکشەممە کاژێر 19:00 دەگاتە فڕۆکەخانەی بەغدا و لەلایەن بەرپرسانی باڵای وەرزشی عێراقەوە پێشوازیی لێدەکرێت، دوای وەرگرتنی پشوویەکی کورت رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی دەچنە شوێنی مانەوەیان و دوای ئەوەش یانەکە لە یاریگەی مەدینە دوایین مەشق و راهێنانەکانی بۆ ئەو یارییە ئەنجامدەدات.
ئەمڕۆ هەزاران هاندەری عێراقی چوونە بەردەم یاریگەی مەدینە بۆ ئەوەی بلیتی یارییەکە بکڕن و چاوەڕواندەکرێت رۆژی دووشەممە یاریگەکە پڕببێت لە هاندەر.
بۆچی شوێنی یارییەکە گۆڕدرا؟
پێشتر بڕیاربوو یاریی نێوان هەردوو یانەی شورتە و نەسڕ لە یاریگەی کەربەلا بەڕێوەبچێت، بەڵام لەسەر داوای یانە سعودییەکە یارییەکە گواسترایەوە بەغدا و لە یاریگەی مەدینە دەکرێت.
یانەی شورتە لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا و لیژنەی هەڵسەنگاندنی یاریگەکان لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە یاریگەکە ئامادەبکات.
هۆکاری راستەقینەی گۆڕینی یاریگەکە ئەوە بوو، فڕۆکەخانەیەک لەنێوان هەردوو شاری نەجەف و کەربەلا هەیە و نزیکەی کاژێرێک لە کەربەلاوە دوورە، بۆیە یانەی نەسڕ داوای گۆڕینی یاریگەکەی کرد، هۆکاری سەرەکی داواکارییەکەشی بوونی کریستیانۆ رۆناڵدۆیە لە پێکهاتەی یانەکەدا.
سێ کورد بەرامبەر رۆناڵدۆ یاری دەکەن
رۆژی دووشەممە سێ یاریزانی کورد لە ریزەکانی یانەی شورتەی عێراقی دەبن، کاتێک لە یەکەم یارییدا لە رکابەرییەکانی خولی بژاردەی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا بەرامبەر یانەی نەسڕ یاری دەکەن.
ئەحمەد زێرۆ، یاریزانی یانەی شورتەیە، ئەمە جاری دووەمی دەبێت لە نزیکەوە کریستیانۆ رۆناڵدۆ ببینێت، کە پێشتر لە جامی شا سەلمان لە سعودیە وێنەیەکی یادگاریان بەیەکەوە گرتبوو.
جگە لە زێرۆ هەریەکە لە رێوان ئەمین، ئەستێرەی کوردی پێشووی یانەی دهۆک و ئاکام هاشم، ئەستێرەی کوردی پێشووی یانەی هەولێر هەلی ئەوەیان دەبێت لە نزیکەوە ئەستێرە پۆرتوگالییەکە ببینن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ